سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك و یاریده‌ده‌ره‌كانی دورده‌خرێنه‌وه‌

ده‌رگای سه‌ره‌كی زانكۆی كه‌ركوك فۆتۆ: ئاكام سه‌مه‌د

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، بڕیاریدا به‌ دورخستنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك و دوو له‌ یاریده‌ده‌رانی، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كانی چاكسازیدا دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی تر.

به‌پێی به‌رنامه‌ی چاكسازی حكومه‌تی به‌غدا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی گۆڕانكاری له‌ سه‌رۆكی زانكۆكانی عیراق، یاریده‌ده‌ر و راگری كۆلێژه‌كان ده‌كات، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌پێی چه‌ند نوسراوێكی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كه‌ركوك، كه‌ واژۆی سه‌باح ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی به‌وه‌كاله‌تی زانكۆی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و وێنه‌ی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، له‌ 1ی تشرینی یه‌كه‌مدا و له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، گۆڕانكاریی له‌ سه‌رۆك و یاریده‌ده‌ره‌كاندا كراوه‌.

عومەر نەجمەدین ئینجە، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك بۆ كاروباری كارگێڕی بەوەكالەت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ناوانه‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عیراقی سه‌رۆكی زانكۆ كه‌ دكتۆر سه‌باح ئه‌حمه‌د بوو به‌ وه‌كاله‌ت ئێستا بۆته‌ كاربه‌ڕێكه‌ری زانكۆ، هه‌روه‌ها به‌نده‌ وه‌ك یاریده‌ده‌ر نه‌ماوم و له‌جێی من دكتۆر عومران جه‌مال حسێن به‌ كاتی دانراوه‌".

له‌به‌شێكی تری گۆڕانكارییه‌كاندا كه‌ كه‌ركوكی گرتۆته‌وه‌، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی دورخراوه‌ته‌وه‌ و له‌ جێی ئه‌و كه‌سێكی تر به‌ كاتی دانراوه‌.

kitab

بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ گۆڕانكارییه‌ له‌ ده‌یان زانكۆی وڵاتدا و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ گۆڕینی بریكاری وه‌زیره‌كاندا له‌ په‌رله‌ماندا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت تا ئه‌و پۆستانه‌ به‌ هه‌میشه‌یی پڕبكرێنه‌وه‌.

به‌وته‌ی عومه‌ر ئینجه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كراون دوورن له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسییه‌وه‌.

به‌پێی نوسراوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كه‌ركوك، د. سه‌باح ئه‌حمه‌د، هه‌ر خۆی واژۆی له‌سه‌ر لادانی له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆیدا كردووه‌ وه‌ك وه‌كاله‌ت و كردویه‌تی به‌ كاربه‌ڕێكه‌ر، له‌سه‌ر فه‌رمانی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

سه‌باح ئه‌حمه‌د، له‌ ئایاری ئه‌مساڵدا له‌ پێكهاته‌ی كورد وه‌ك سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت دانرا له‌ جێی عەباس حه‌سه‌ن تەقی له‌ پێكهاته‌ی توركمان، كه‌ به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دورخرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وكات ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ حزبه‌ توركمانییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌.

زانکۆی که‌رکوک له‌ ساڵی 2003دا دامه‌زراوه‌، سه‌ره‌تا له‌ چوار کۆلێژ پێکهاتبوو، ئێستا زیاتر له‌ 15 کولێژ و به‌شی جیاواز له‌خۆده‌گرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT