راكان جبوری هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك په‌كده‌خات

كه‌ركوك، 2019، راكان جبوری پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌تی كه‌ركوك له‌ كۆنگره‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی بێسه‌رشوێنانی عه‌ره‌ب فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

لایه‌نه‌ و كه‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك، نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی هاوبه‌ش بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێداگریی راكان جبوری بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی.

چه‌ندین هه‌فته‌یه‌ حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك، له‌ هه‌وڵی یه‌كلیستی و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییدابون بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاكه‌، تا رێگریبكه‌ن له‌ په‌رته‌وازه‌یی و ده‌نگی زیاتری هاوڵاتیانی پێكهاته‌كه‌شیان كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و حكومه‌تیش هه‌ڵبژاردنی دواخست.

نازم شمەری. جێگری سەرۆكی بەرەی عەرەبی یه‌كگرتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌داخه‌وه‌ ململانێی سەركردەكردنی پێكهاتەی عەرەبی لە شاری كەركوك وایكرد عەرەب دابەشببێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی راكان سەعید پارێزگاری ئێستای كەركوك بەوەكالەت پێداگری ده‌كات خۆی ببێت بە سەرۆكی هاوپەیمانێتی عەرەبی و سەركردەی عەرەب لە شارەكەدا".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌ره‌ی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ له‌رێی ئه‌ندامانی ئێستای په‌رله‌مانی عیراق له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب سه‌ركردایه‌تی پێكهاته‌كه‌ له‌ كه‌ركوك و بۆ هه‌لبژاردنه‌كانیش بكرێت.

"ئێستا دابڕانێكی زۆر هەیە لە نێوان راكان سەعید و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له‌وانه‌ محه‌مەد ته‌میم و خالید مه‌فره‌جی له‌سه‌ر سەركردایەتیكردنی عەرەب لە كەركوك".

شمه‌ری ئه‌وه‌شی وت "ئێمه‌ ده‌مانویست یەك لیستێكی عەرەبی هەبێت و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەركردایەتی بكەن نەك راكان سەعید كه‌ ناڕەزایەتیی زۆرمان هەیە بەرامبەر بە سەركردایەتیكردنی".

xopeshandan
كه‌ركوك، 2019، خۆپیشاندانی عه‌ره‌ب دژی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگار فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی پێكیانهێنا، چەندجارێك رەخنەیان روبەڕوی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی كردۆتەوە كە ئەوانیش لە كۆمەڵێك حزب و سەرۆك هۆز و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەن پێكدێن و راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە كەسایەتییە بەهێزەكانی.

مەحمود زێدان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەنجومەنی عەرەبی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ كەسێكمان بۆ سەرۆكی هاوپەیمانێتی عه‌ره‌بی دەستنیشان نەكرد، هەر ئەو پۆستەش یەكێك بوو له‌و خاڵانەی وایكرد تائێستا نەگەین بە رێككەوتن".

رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ كاتێكدایه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، سێشەممە 12ی تشرینی دووەم بڕیاریدا به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بۆ كاتێكی نادیار، ئه‌وه‌ش له‌رێی پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

پێشتر به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ 1ی نیسانی 2020 بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاریكرا به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌، كه‌ 14 ساڵه‌ به‌هۆی ناكۆكی پێكهاته‌كانه‌وه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌شدارنییه‌.

لێپرسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی باسی له‌وه‌كرد كه‌ گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی و كاری هاوبه‌ش سست بوو، به‌وپێیه‌ی هه‌وڵه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دابوو هه‌موو حزب و لایه‌نی عه‌ره‌بی له‌ یه‌ك به‌ره‌دابن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ركوك و پێكهاته‌كانیشدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT