وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیاریدا تاقیكردنەوەی دەرەكی خوێندكارانی رەگەزی نێر-یش بگرێتەوە لە پارێزگای كەركوك، هاوشانی پارێزگاكانی تری عیراق.
وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی دووەم، بڕیارەكەی دەركردووە و تیایدا هاتووە "هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق، خوێندكارانی رەگەزی نێر لە هەردوو قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی دەتوانن تاقیكردنەوەی دەرەكی بكەن بۆ ساڵی خوێندنی 2019 – 2020".
بەپێی بڕیارەكە تاقیكردنەوەكان لە ناوەندی شار ئەنجام دەدرێن و هۆڵەكان لەیەكترەوە نزیك بن، بۆ ئەوەی بتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێن.
هاوكات وەزارەت داوای بەڵێنی دەستنوسی لە پارێزگاری كەركوك و فەرماندەیی پۆلیس كردووە بۆ ئەوەی پاراستن و كۆنترۆڵكردنی تاقیكردنەوەكان.
لە دوای ساڵی 2015ەوە بڕیاردرا تاقیكردنەوەی دەرەكی لە كەركوك ئەنجام نەدرێت، ئەوەش دوای ئاشكرابونی قۆپییە لە ژمارەیەك لە هۆڵەكانی خوێندن.
ماوەیەك لەمەوبەر بڕیاردرا تەنیا رەگەزی مێ دەتوانن بەشداریی تاقیكردنەوەی دەرەكی بكەن، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی دووەم بڕیارەكە گۆڕدراو رەگەزی نێریش دەتوانن بەشداربن.
خەدیجە عەلی، بڕیاردەری پەرلەمانی عیراق لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دەقی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی داناوە و جەختیكردۆتەوە لەوەی "پارێزگاری كەركوكیش وەكو هەموو پارێزگاكانی تر دەتوانن بەشداربن لە تاقیكردنەوەی دەرەكی".