وێنەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق لەسەر بەشێك لە فەرمانگە و بارەگا ئەمنییەكانی كەركوك، ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ و پۆلیسی كەركوك هەڵدەواسرێت، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق بووە.
هەڵواسینی وێنەی سیستانی چەند رۆژێكە لە كەركوك دەستیپێكردووە و بۆتە شوێنی پرسیاری هاوڵاتیان، كە لەكاتێكدایە ناوبراو چەند جارێك داوایكردووە وێنەكانی لە شوێنە گشتییەكان و فەرمانگە حكومییەكان هەڵنەواسرێت.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی ناوخۆی عیراق نوسراوێكی ئاراستەی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك كرد و تیادا داوایكردووە وێنەی عەلی سیستانی لەسەر بارەگاكانیان هەڵبواسن، هەروەها لەسەر ئۆتۆمبێلەكانیشیان".
سەرچاوەكە وتیشی "هۆكاری ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە چەند جارێك مەرجەعییەت داوای لە خۆپیشادەران كردووە بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی نەکەنە سەر کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان. بۆیە وەك وەفایەك بۆ سیستانی وێنەكانی هەڵدەواسرێت".
قەنبەر موسەوی، یەكێك لە نوێنەرانی عەلی سیستانی لە كەركوك، ئامادەنەبوو قسە لەسەر هەڵواسینی وێنەكانی سیستانی بكات، بەڵام وتی "پێشتر نوسینگەی سەید عەلی سیستانی لە شاری نەجەف رونکردنەوی داوە لەسەر هەڵواسینی وێنەی ناوبراو کە رازی نییە بە دانانی وێنەکی لە شوێنە گشتییەکان و ئۆتۆمبێلی دەزگا ئەمنییەکان".
وێنەكانی سیستانی، لە كەركوك لە فەرمانگەی پاسپۆرت، باری شارستانی و ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ و دەزگا ئەمنییەكان هەڵواسراوە.
سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) رەتیكردەوە هیچ بڕیارێك لەلایەن ئەوانەوە دەركرابێت بۆ هەڵواسینی وێنەی سیستانی و وتی "بەدواداچون دەكەین بۆ ئەوەی هۆكارەكەی بزانین، چونكە خەریكە هەڵواسینی وێنەكان لە فەرمانگەكان فەرمی دەبێت".