ده‌رگای ژووره‌كه‌یان لێ داخستووه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا نه‌یتوانی ده‌وام بكات

موسڵ، باڵه‌خانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا فۆتۆ: ئه‌رشیفی كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا به‌ وه‌كاله‌ت، له‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كاربونیدا نه‌یتوانی ده‌وام بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوو ده‌رگای ژوره‌كه‌ی داخست و كلیله‌كه‌یشی برد.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، 6ی تشرینی دووه‌م بڕیاریدا به‌ دانانی خالد شاهین، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ له‌ جێی ئه‌سیل عه‌بادی، دوای دورخستنه‌وه‌ی له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ به‌ وه‌كاله‌ت.

"ئه‌سیل عه‌بادی كه‌ له‌ پۆسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ ده‌رخرایه‌وه‌، له‌ 7ی تشرینی دوه‌مه‌وه‌ ده‌رگای ئیداره‌ی داخستووه‌ كاتێك رۆیشتووه‌، كلیله‌كه‌یشی بردووه‌ و جوابی ته‌له‌فۆنی نه‌داوه‌ته‌وه‌" ئه‌حمه‌د مورته‌زا فه‌رمانبه‌ری ئیداره‌ی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا وای وت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی بۆ (كه‌ركوك ناو) رونكرده‌وه‌ مۆری تایبه‌ت و ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان له‌و ژووره‌دا بون، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ كاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ په‌كیبكه‌وێت، ده‌رگا ئه‌و ژوره‌ش له‌و جۆره‌یه‌ به‌ قاسه‌ ناوده‌برێت و قورسه‌ بشكێندرێت، به‌ بڕیار و ره‌زامه‌ندی پۆلیس و دادوه‌ر و شایه‌تیش نه‌بێت نابێت ده‌رگاكه‌ بشكێندرێت.

 العبادي-1
ئه‌سیل عه‌بادی، به‌ڕێوه‌به‌ری دورخراوه‌ی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا

ئه‌سیل عه‌بادی، له‌ 28ی ئابی 2019دا به‌ فه‌رمی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وای وه‌رگرت، دوای ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و دورخستنه‌وه‌ی وه‌حید فه‌رید، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوو.

داخستنی ده‌رگای ئیداره‌ی په‌روه‌رده‌، له‌ نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بۆته‌ جێی ته‌نز.

عوده‌ی عه‌بد، چالاكوانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێنه‌دانی كلیلی ژوری ئیداره‌ له‌لایه‌ن ئه‌سیل عه‌بادییه‌وه‌ دوای نه‌مانی له‌ پۆسته‌كه‌یدا روداوێكه‌ ره‌نگه‌ یه‌كه‌مجار بێت روبدات له‌ عیراق و جیهاندا، بۆیه‌ بۆته‌ هاشتاگ و به‌ ته‌نزه‌وه خه‌ڵك داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كلیله‌كه‌ ده‌كه‌ن".

له‌ ته‌مموزی ئه‌مساڵدا، ئه‌سیل عه‌بادی له‌رێی كوتله‌ی سه‌نه‌د سه‌ر به‌ په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی كاندید كرا و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌ و وه‌زاره‌تیش داوای دانانی كه‌سێكی دیكه‌ی كرد له‌و پۆسته‌دا، به‌وپێیه‌ی عه‌بادی مه‌رجه‌كانی ئه‌و لێپرسراوێتییه‌ی تێدانییه‌.

 الشاهين
خالد شاهین، به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا به‌ وه‌كاله‌ت
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT