حزب و لایەنە توركمانییەكانی كەركوك هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن و دەڵێن "كەركوك دەكەینە گۆڕەپانی تەحریر"، ئەوەش لە دژی پەیڕەونەكردنی هاوسەنگی نێوان نەتەوەكان لە دامەزراندندا.
ئەو حزبانە شەممە 16ی تشرینی دووەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەواندیا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، جەختیانكردەوە لەوەی هەردوو پێكهاتەی توركمان و كورد پشتگوێخراون لە دامەزراندنی سەدان كەس لە كۆمپانیای گازی باكور و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی.
لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا عەباس محەمەد بەیاتی، جێگری سەرۆكی حزبی بزوتنەوەی نەتەوەیی توركمان ئەو حزبانە جەختیانكردەوە "پێویستە رێکكەوتنى لەسەدا 32ی نێوان پێكهاتەكان جێبەجێبکرێت لە دابەشکردنى پۆست و دامەزراندن لە شارى کەرکوک".
پێویستە رێکكەوتنى لەسەدا 32ی نێوان پێكهاتەكان جێبەجێبکرێت
"لیستى ناوى دامەزراوانی ریزی كۆمپانیاى گازى باکور هاتۆتەوە کە تایبەتە بە ئەندازیارى کیمیاوى، بەڵام ئەوانەی ناویان هاتۆتەوە خەڵكی شارەكانی رومادى، موسڵ و دیالەن، ئەمە وەكو ئەوە وایە شارى کەرکوک ئەندازیارى تێدا نەبێت لەو بوارەدا"، هەر بەپێی وتەی حزبە توركمانییەكان.
ئەو حزبانە ناڕەزایی خۆشیان نیشاندا لەوەی لە لیستى دامەزراندنى نێو دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى كە تازە گەڕاوەتەوە لەكۆی دامەزراندنی 176 كەس، "رێژەیەكی زۆر كەم لە توركمان و لەگەڵ 15 كورد ناویان هاتۆتەوە".
حزبە توركمانییەكان پێیانوایە لە ساڵی 2003وە باڵانسی نەتەوەیی لە نێو دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك پەیڕەو نەكراوە و بۆ ئەوەش ئیدارەی كەركوك و حكومەتی ناوەندییان تۆمەتباركرد بە پشتگوێخستنی توركمان.
هەروەها ناڕەزایی خۆیان نیشاندا لەوەی لێپرسراوانی كەركوك رێژەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ دامەزراندن و بۆ ئەو مەبەستەش پارەی زۆر دراوە، بۆ ئەوەش چەند پەرلەمانتار و سەرۆك هۆزێكیان تۆمەتبار كرد بەبێ ئەوەی ناویان بهێنن.