له‌سه‌ر شورای كۆنكرێتی قه‌راغی خاسه دانیشتووه، له‌گه‌ڵ تاریكداهاتنی ئێواره‌دا جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی داده‌گیرسێنێت و قومێكی قوڵی لێده‌دات، ئه‌و دوو دوكه‌ڵه‌ی له ده‌می دێته ده‌ره‌وه، له نێو دوكه‌ڵی ره‌شی سوتاندنی خاشاكی چه‌مه‌كه‌دا ونده‌بێت.
به‌رزان گه‌نجێكی 22 ساڵی خه‌ڵكی كه‌ركوكه، ته‌نیا شوێنێك شك ببات بۆ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانی له ئێواراندا؛ چه‌می خاسه‌یه، كه ئێستا بۆته شوێنی كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك له‌بری ئه‌وه‌ی جوانیی به شاره‌كه بدات.
"ئێواران هەمووكات دێمە قەراخ خاسە دادەنیشم، ئەم جێگایه لە هەر وڵاتێكی تر بوایە داهاتی زۆری له‌رێی گەشتیارییهوه ده‌رده‌كرد، به‌ڵام لێره، دەبینیت پیسی و كارتۆن خاسەی تەنیووە" به‌رزان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
چه‌می خاسەی كه‌ركوك، بە درێژایی زیاتر له 30 کیلۆمەتر، بە ناوەڕاست و سەنتەری شاردا تێده‌په‌ڕێت، شاره‌كه ده‌كاته دوو به‌شه‌وه.
لە سەردەمی ئیدارەدانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك، پرۆژه‌ی به گەشتیاریكردنی چەمی خاسە خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام كارێكی كه‌می تێدا كراوه و پرۆژه‌كه وه‌ستاوه.
"ماڵی ئێمه لە قەراخی خاسەیە لە گەڕەكی سەرچنار، حكومەت بڕیاربوو ئەم چه‌مه بكات بە پڕۆژەیەكی گەشتیاری، بەڵام ئێستا بووە بە كاولستان، ژیانمان نەماوە بەدەس پیسی و خۆڵ و خاشاكه‌وه" خالید كه‌ریم وای وت.
ئه‌وه‌ی زیاتر بۆته نیگه‌رانی خه‌ڵك، جگه له كه‌ڵه‌كه‌بونی خاشاك، سوتاندیهتی له ئێواراندا، كه به‌هۆیه‌وه "دوكەڵی ژەهراوی میوانی بەردەوامی ئێمەیە، له‌وه‌دا خەڵكیش تاوانبارە، چونكە وه‌ك زبڵەكە فڕێدەدەن، بۆچی دواتر ئاگری دەدەن و ژەهر دەرخواردی ئەم خەڵكە داماوە دەدەن".
لە سەرەتای چەمەكەوە تا ناوەڕاستی شار، خاسە بۆتە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، لە بەشی ناوەڕاستی كەركوك و خواروی نزیك پردی چوارەوە، ئاژەڵ و گامێش له چه‌مه‌كه‌دا به‌خێوده‌كرێن، ئێوارانیش له‌گه‌ڵ داخستنی بازاڕدا دوكانداران ئاگر له پاشماوه‌ی كارتۆن و خاشاكه‌كه به‌رده‌ده‌ن، به‌هۆیه‌و دوكه‌ڵی ره‌ش ته‌واوی ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری خاسه داده‌پۆشێت.
سەردار عەلی حەسەن، بەڕێوه‌بەری شارەوانی كەركوك به (كەركوك ناو)ی وت "فەرمانگەی ئاو پڕۆژەیەكی هەبوو تا خاسه بكه‌ن بە شوێنێكی گەشتیاری، ئیتر بوجە نەما و پڕۆژەكەش وەستا".
شاره‌وانیش به جیا پرۆژه‌ی قیرتاوكردنی ئەمبهر و ئهوبەری خاسەی هه‌بوو، تا گوندی سۆنەگۆلی، به‌ڵام لە كۆتایی ساڵی 2013 ئەو پرۆژه‌یه‌ش نه‌ما و ئێستا خه‌ڵك خاشاكی تێده‌كات، به‌وته‌ی سه‌ردار.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی وتی "هەرچەندە بە بەردەوام هەڵمەتی پاككردنەوەی بۆ ئەنجام دەدەین، بەڵام تا ئەو پڕۆژەیە ئەنجام نەدرێت خاسە هەر بە پیسی دەمێنێتەوە".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه له چه‌ند مانگی رابردودا، حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق بڕیاری خه‌رجكردنی بودجه‌ی كه‌ركوكی دا، كه بۆ چه‌ندین كه‌رتی جیاواز ته‌رخانكراوه له نێویاندا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه راگیراوه‌كان.
عەزیز خەلیل، دانیشتوی كه‌ركوكه و پێیوایه خه‌ڵك ناچاره خاشاك له شوێنه گشتییه‌كاندا فڕێبدات، "چونكه ئۆتۆمبێلی پاككردنەوەی شارەوانی مانگی یەك جار دێتە ناوچه‌كه".
"حكومەت پێشتر شۆستەی بۆ قەراخی چەمی خاسە كردووە بۆ جوانكاری، بەڵام بووە بە زبڵخانه و وێرانە" عه‌زیز ده‌ڵێت وای لێهاتووه له وه‌رزی هاویندا ناتوانن لە ماڵەوهش بخه‌ون، به هۆی بۆنی زۆری ناخۆشی خاسه.
چه‌می خاسه، له چه‌ندین ناوچه و شوێنی جیاوازه‌وه ئاوی تێده‌ڕژێت؛ له وانه گوندی مامه ره‌ش-ی سه‌ر به ناحیه‌ی شوان، گونده‌كانی هه‌مزه، ئیبراهیم ئاغا، بنگر و بنه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، جگه له گوندی هه‌به، تا دواتر ئاوی چه‌مه‌كه ده‌چێته ناوشاری كه‌ركوك و به‌ژێر پرده‌كانی دوو، سێ، چوار و عه‌لی عه‌سكه‌ری-دا تێده‌په‌ڕێت به‌ره‌و ناحیه‌ی تازه له باشوری كه‌ركوك.
به‌رزان هێشتا جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی ته‌واو نه‌كردبوو، دوكه‌ڵی زۆری خاشاكی سوتاوی نێو چه‌مه‌كه زۆری بۆی هێنا و هه‌ستا بڕوات، به‌ده‌م گله‌ییه‌وه وتی "ئێمە دڵمان خۆشە لە شار دەژین، بەخوا لەگەڵ لادێكدا جیاوازی نییە و بگرە لادێ لەم شارە خۆشترە، چونكە لانیكه‌م لادێ هەوایەكی پاكی هەیە".