كچانی شاری كه‌ركوك، زیاتر رووده‌كه‌نه بازاڕ و كارده‌كه‌ن، تا له‌گه‌ڵ دابینكردنی بژێویی خۆیاندا هاوكاری خێزانه‌كانیشیان بكه‌ن، به‌بێ گوێدانه به‌ربه‌ست و رێگرییه‌كانی كۆمه‌ڵگه.
به‌پێی به‌دواداچونی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو)، به‌راورد به چه‌ند ساڵی رابردوو، ژماره‌یه‌ك زیاتر له كچان له دوكان و مۆڵه‌كاندا كارده‌كه‌ن.
"له كاركردندا روبه‌ڕوی زۆر به‌ربه‌ست و كێچه‌ڵ ده‌بینه‌وه، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ندێك له كڕیارانه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێكجار له‌پێناو له‌ده‌ستنه‌دانی كاره‌كه‌ماندا بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرین" عائیشه كه‌مال (25 ساڵ) وای وت.
ئه‌و كچه خوێندكاری زانكۆیه له به‌شی كارگێڕی كار، ئێستا له مۆڵێكی شاری كه‌ركوك بۆن ده‌فرۆشێت، رۆژانه له كاتژمێر 1ی دوانیوه‌ڕۆ تا 9ی شه‌و، ئه‌وه‌ش بۆ دابینكردنی تێچوی خوێندن و بژێوی خێزانه‌كه‌یشی.
"له‌رێی كاره‌كه‌مه‌وه زۆر پێشكه‌وتم له بواری ئیداره‌داندا، جگه له‌وه‌ی هاوڕێ، زانیاریم ده‌ستكه‌وت و توانیم ئاشنابم به چه‌ندین زۆر له بۆن و ماركه‌كان" به‌وته‌ی عائیشه.
له پارێزگای كه‌ركوك، تا ساڵانی رابردوو كه‌مترین كچ له بازاڕه‌كاندا كاریان ده‌كرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی داخراوی كۆمه‌ڵگه و ترس له‌و توانجی خه‌ڵك.
دالیا محه‌مه‌د (22 ساڵ)، خوێندكاری شه‌شی زانستی بووه كاتێك وازی له خوێندن هێناوه، ئه‌وه‌ش به ناچاری و له پێناو هاوكاریكردنی خێزانه‌كه‌یدا تا بژێوییان دابینبكه‌ن، بۆیه له دوكانێكی سارده‌مه‌نی رۆژانه چه‌ند كاتژمێرێك كارده‌كات.
له كاركردندا روبه‌ڕوی زۆر به‌ربه‌ست و كێچه‌ڵ ده‌بینه‌وه
"پاره‌مان نه‌بوو تا وانه‌ی تایبه‌ت بخوێنم و بتوانم نمره‌یه‌كی به‌رز به‌ده‌ستبهێنم بۆ زانكۆ، بۆیه وازی له خوێندن هێنا" دالیا وای وت.
ئه‌و كچه‌ش وه‌ك هاوڕێیه‌كانی تری له بازاڕ، دوور نیه له تانه و كێچه‌ڵی خه‌ڵك، به‌ڵام به پێداگری له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی، هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی داوه.
به‌پێی وته‌ی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی له بازاڕ و مۆڵه‌كانی كه‌ركوكدا كارده‌كه‌ن، جگه له بژێوی، هۆكارێكی تری سه‌ره‌كی كاره‌كه‌یان بۆ ده‌رچوونه له ماڵ و سه‌ربه‌خۆییه وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه.
سرود ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌ی هیوای عیراقی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی روبه‌ڕوی كچانی ئیشكه‌ر ده‌بنه‌وه زۆرن، به‌شێكیان روبه‌ڕوی رێگریی و به‌ربه‌ست ده‌بنه‌وه، به‌ڵام بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن له پێناو مانه‌وه‌ی كاره‌كه‌یاندا، كه سه‌رچاووه‌ی بژێوییانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن رێگری له‌و حاڵه‌تانه بكه‌ن".
زۆرینه‌ی تاوانی گێچه‌ڵ له كه‌ركوك، زاره‌كی (توانج و قسه‌ی نه‌شیاو) و جه‌سته‌یین، له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی تری توندوتیژیی دژی ئافرەتان و كچان.
ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له دوایین بڕیاریدا، ئابی ئه‌مساڵ، زنجیره‌یه‌ك رێكاری بۆ چۆنیه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گێچه‌ڵ دیاریكردووه، له نێویاندا چالاككردنه‌وه‌ی بڕگه و مادده‌كانی یاسای سزادان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق.
"زۆرجار هه‌وڵ له‌گه‌ڵ كچاندا ده‌ده‌ین كه‌سوكاریان له گێچه‌ڵ و رێگرییه‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه تا بارودۆخه‌كه تێپه‌ڕێنن و هه‌ندێجاریش بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و بێزاركردن له‌رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه كچان هانا بۆ ئاسایشی نیشتمانی ده‌به‌ن".
هه‌روه‌ها سرود ئه‌حمه‌د ره‌خنه‌ی له رێكاره حكومییه‌كان هه‌بوو، به‌وپێیه‌ی كاتی زۆری ده‌وێت، له كاتێكدا بۆ حاڵه‌تی له‌و جۆره‌ی روبه‌ڕوی كچان ده‌بێته‌وه پێویسته ده‌ستتێوه‌ردانی به په‌له‌یان هه‌بێت و سنورێك بۆ رێگریی و گێچه‌ڵ دابنێن.