ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، دەرگای خۆپاڵاتنی بۆ پۆستی پارێزگار كردەوە، لەكاتێكدا ئەو ئەنجومەنە بەبڕیاری پەرلەمانی عیراق هەڵوەشاوەتەوە و حكومەتیش داوایان لێدەكات لە پرسی دورخستنەوەی پارێزگاردا، چاوەڕێی بڕیاری دادگای تایبەتمەند بكەن.
ئەو ئەنجومەنە، سێشەممە 19ی تشرینی دووەم، لە كۆبونەوەیەكدا بەئامادەبونی 23 ئەندام، دەستلەكاركێشانەوەیهكی بهناوی مەنسور مەرعید، پارێزگاری نەینەوا خسته دهنگدانهوه و پەسەندیكرد، لەبری ئەویش جێگری پارێزگاریان بۆ راییكردنی كاروبارەكان راسپارد.
مهنسور مهرعید دوابهدوای بڕیارهكهی ئهنجومهنی پارێزگا به (كهركوك ناو)ی وت "ئهنجومهنی پارێزگا دهسهڵاتی كۆتاییهاتووه و لهكار راگیراوه به بڕیارێكی پهرلهمان، بۆیه ههر بڕیارێك دهربكات پووچه و هیچ بنهمایهكی یاسایی نییه". هەمان رۆژ لە نوسراوێكدا بۆ دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان - سەر بە ئەنجومەنی وەزیران -، مەنسور مەرعید رەتیكردەوە دەستیلەكاركێشابێتەوە.
لە وەڵامی نامەكەیدا، دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان بە نوسراوێك كە واژۆی تۆرهان موفتی، سەرۆكی سكرتاریەتی دەستەكەی لهسهره، وەڵامی پارێزگار بەچەند خاڵێك دەداتەوە، لەنێویاندا هاتووە "دەربارەی ئەوەی رەتتكردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك دەستلەكاركێشانەوەت پێشكەشی ئەنجومەن كردبێت، ئەوا دەتوانیت روبەڕوی دادگای تایبتمەندی بكەیتەوە و ئەوان یەكلاییدەكەنەوە".
بەڵام لەسەر پرسی دورخستنەوەی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە، دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان، دەڵێت "پاڵپشت بە بڕیار و راسپاردەكانی دانیشتنی پەرلەمانی عیراق لە 28ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، دەنگدراوە لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان... بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دورخستنەوەی پارێزگار یەكێكە لە بڕیارە جەهەرییەكان، كە ناكرێت ئەنجومەنی پارێزگا لەمكاتەدا بیگرێتەبەر. هەتا وەكو بڕیار لە دادگای تایبەتمەند دەردەچێت لەوبارەیەوە".
لەگەڵئەوەشدا جەختدەكاتەوە لەوەی پاڵپشت بە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2018، هەر هەنگاوێك بۆ لادانی كەسێك پێویستە پێش بڕیاری دورخستنەوەی، دانیشتنێك بۆ لێپرسینەوەی ئەو كەسە هەبوبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەپاڵئەوەی بڕیاری هەڵوەشانەوەی دراوە، هیچ دانیشتنێكی بۆ لێپرسینەوە لە پارێزگار نەكردووە بەر لە دورخستنەوەی.
بۆیە دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان دەڵێت "ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پارێزگا پێچەوانەی یاسای ساڵی 2018ـه".