له‌ پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا
78 كورسیی كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و لیسته‌ بچوكه‌كانیش قازانج ده‌كه‌ن

به‌غدا، 2016، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی دژی ده‌سه‌ڵات كه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: رۆیته‌رز

كه‌ركوك ناو

پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، ته‌مه‌نی كاندید و ژماره‌ی كورسییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌، مه‌رجی بڕونامه‌ی به‌رز لاده‌بات و له‌ دابه‌شكاری كورسییه‌كانیشدا لیسته‌ بچوكه‌كان سودمه‌ند ده‌بن، جگه‌ له‌ دانانی به‌ربه‌ست بۆ به‌شداری ئه‌وانه‌ی پۆستی باڵایان هه‌بووه.

په‌رله‌مانی عیراق، 19ی تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵ، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كرد، وه‌ك به‌ ده‌مه‌وه‌چونی داواكاریی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی، كه‌ نزیكه‌ی دوو مانگه‌ له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ له‌ سایتی په‌رله‌ماندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و هێشتا په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی داهاتووی نوێنه‌ران له‌ 329 كورسییه‌وه‌ بۆ 251 كورسی كه‌مده‌كرێنه‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش 9 كورسی كۆتایه‌ بۆ كریستیان، ئێزیدی، فه‌یلی، شه‌به‌ك و سابیئه‌.

له‌و گۆڕانكارییه‌دا ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك له‌ 12 كورسییه‌وه‌ ده‌بێته‌ 10 كورسی، نه‌ینه‌وا له‌ 31 كورسییه‌وه‌ بۆ 23 كورسی، دیاله‌ له‌ 14 كورسییه‌وه‌ بۆ 11 و سه‌ڵاحه‌دینیش له‌ 12 كورسییه‌وه‌ بۆ 9 كورسی كه‌مده‌كرێنه‌وه‌، به‌بێ كۆتا.

هه‌ر به‌پێی پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، ته‌مه‌نی كاندید ده‌بێته‌ 25 ساڵ، كه‌ پێشتر پێویست بوو 30 ساڵی ته‌واو كردبێت، مه‌رجی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس نامێنیت و ته‌نیا پێویسته‌ لانیكه‌م بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی یان هاوتاكه‌ی هه‌بێت.

له‌ به‌شێكی تری گۆڕانكارییه‌كاندا، سیسته‌می سانت لیگۆ بۆ دابه‌شكاری كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر لیست و كاندیده‌ براوه‌كاندا لابراوه‌، به‌وه‌ش لیست و حزبه‌ بچووكه‌كان كه‌ خاوه‌نی ده‌نگی كه‌م بون قازانج ده‌كه‌ن، كه‌ پێشتر زۆرترین كورسی بۆ ئه‌و لیستانه‌ ده‌رۆیشت زۆرینه‌ی كورسییه‌كانیان به‌ده‌ستده‌هێنا.

parlaman-1
به‌غدا، 2019، دانیشتنێكی ئاسایی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان

هه‌روه‌ها هاتووه‌ هیچ كاندیدێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ په‌رله‌مان، ناتوانێت حزب و لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی خۆی بۆ لیست و لایه‌نی تر بگۆڕێت، تا دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، هه‌ر كاندیدێكی سه‌ركه‌وتووش له‌ مانگێكدا سوێندنی یاسایی نه‌خوات دوای یه‌كه‌م دانیشتن ئه‌وه‌ كه‌سێكی تری خاوه‌ن زۆرترین ده‌نگ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌.

ياساى هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی وڵاتدا، هیچ پارێزگایه‌كی به‌ده‌ر نه‌كردووه‌.

له‌ پرۆژه‌كه‌دا چه‌ندین مه‌رج بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دانراوه‌ له‌ پۆسته‌ باڵاكانی ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندان و ده‌یانه‌وێت خۆیان كاندید بكه‌ن.

وه‌ك له‌ پرۆژه‌كه‌دا باسكراوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق و جێگره‌كانیان، وه‌زیره‌كان، سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان و جێگره‌كانیان، بریكاری وه‌زیر، راوێژكار، پارێزگار و جێگره‌كانیان، سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، پله‌ی تایبه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان پێویسته‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن واز له‌ پۆسته‌كانیان بهێنن، ئه‌وكات ده‌توانن خۆیان كاندید بكه‌ن بۆ په‌رله‌مان.

له‌ نێو هێزه‌ ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كانیشدا، هه‌ر كه‌سێك ویستی خۆ كاندیدكردنی هه‌بێت بۆ په‌رله‌مان، ده‌بێت شه‌ش مانگ به‌ر له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستی له‌كاركێشابێته‌وه‌.

ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ و له‌گه‌ڵ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ نێو په‌رله‌ماندا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌گرێت تا په‌سه‌ند بكرێت.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی تر، كه‌ له‌ نزیكه‌ی دوو مانگدا زیاتر له‌ 350 كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌زاران بریندار، له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیشیان جگه‌ له‌ گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆن، دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و گۆڕانكاریی له‌ سیسته‌می حوكمڕانی و كابینه‌ی ئێستای حكومه‌تی عیراقه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT