وێنەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عیراق لەسەر فەرمانگەی باری شارستانی كەركوك و پاسپۆرت لێكرایەوە، بەڵام هێشتا لە دەیان بنكەی پۆلیس، هێزە ئەمنییەكان و ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵدەواسرێت.
زیاتر لە هەفتەیەكە وێنەی عەلی سیستانی بەشێوەیەكی بەربڵاو لەسەر زۆرینەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە كەركوك هەڵدەواسرێت، بەڵام چەند رۆژێكە وێنەیەكی گەورەی ناوبراو لە فەرمانگەی باری شارستانیی و پاسپۆرت لێكراوەتەوە، ئەوەش بەپێی وتەی پەیامنێرانی (كەركوك ناو). بەڵام هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار ئامادەنییە هۆكاری لێكردنەوەی باسبكات.
پێشتر، سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەڵواسینی وێنەكانی سیستانی لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق بوو كە ئاراستەی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوكی كردبوو، تیادا داوایكردووە وێنەی عەلی سیستانی لەسەر بارەگاكانیان هەڵبواسن، هەروەها لەسەر ئۆتۆمبێلەكانیشیان".
سەرچاوەكە وتیشی "هۆكاری ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە چەند جارێك مەرجەعییەت داوای لە خۆپیشادەران كردووە بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی نەکەنە سەر کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان. بۆیە وەك وەفایەك بۆ سیستانی وێنەكانی هەڵدەواسرێت".
بەڵام دوای چەند رۆژێك وێنەیەكی گەورەی ناوبراو لەسەر فەرمانگەی نوێی باری شارستانیی و پاسپۆرت لێكرایەوە.
قەنبەر موسەوی، یەكێك لە نوێنەرانی عەلی سیستانی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشتر نوسینگەی سەید عەلی سیستانی لە شاری نەجەف رونکردنەوی داوە لەسەر هەڵواسینی وێنەكانی سیستانی، ناوبراو رازی نییە بە دانانی وێنەکی لە شوێنە گشتییەکان و ئۆتۆمبێلی دەزگا ئەمنییەکان".