شنۆ بەختیار ساڵێكی بەزیادە لە زانكۆ خوێند
"وتم هاتوم بۆ نمرەكەم، كەچی وتیان تۆ ساڵی پار دەرچویت"

دەستی راست/ كارتەكەی شنۆ بەختیار بۆ ساڵی (2017 - 2018) بە دەرنەچوو هەژماركراوە، دەستی راست/ كارتەكەی بۆ ساڵی 2018 – 2019 بە دەرچوو هەژماركراوە

محەمەد ئەڵماس - داقوق

شنۆ بەختیار (23ساڵ)، ساڵی خوێندنی (2017 - 2018) كاتێك نمرەكەی لە زانكۆ وەرگرتەوە، لەوانەیەك بە "دەرنەچوو" هەژماركرابوو. لە تاقیكردنەوەی خولی دووەمیشدا "نەیتوانی" دەربچێت. بەو هۆیەوە ساڵێك لە قۆناغی چوارەم مایەوە.

دوای یەك ساڵ مانەوەی لەهەمان قۆناغ بۆ ساڵی خوێندنی (2018 - 2019)، كاتێك هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ باوكی دەچێت بۆ وەرگرتنی بڕوانامەكەی، لە تۆمارگەی كۆلێژ پێی دەڵێن "تۆ ساڵی پێشتر دەرچوبویت". ئەم هەواڵە شنۆ و باوكی توشی سەرسوڕمان دەكەن بەوهۆیەوە سكاڵا لە كۆلێژ تۆماردەكەن.

شنۆ بەختیار، دەرچوی كۆلێژی زانست زانكۆی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك نمرەی خولی یەكەم و دواتر دووەمی تاقیكردنەوەكانم وەرگرت، هەر نەمتوانی لە وانەیەك نمرەی دەرچون بهێنم و لە تۆمارگە وتیان دەرنەچویت، كارتەكەشم ماوە، بەهۆیەوە ساڵی (2018 - 2019) لە قۆناغی چوارەم مامەوە... بەڵام دوای یەك ساڵ پێمدەڵێن تۆ ساڵی پار دەرچوبویت".

دوای یەك ساڵ خوێندن پێمدەڵێن تۆ ساڵی پار دەرچوبویت

شنۆ خاوەنی دوو منداڵە و خەڵكی گوندی عەبدوڵا غانمى ناوچەی تاڵەبانییە لە قەزای داقوق، رۆژانە نزیكەی 60كم-ی دەبڕیی و منداڵەكانی بۆ تەواوكردنی خوێندن جێدەهێشت. ئێستا دەیەوێت مافی خۆی لە زانكۆ وەربگرێتەوە.

بەختیار سەعید، باوکى شنۆ بە(کەرکوک ناو)ى وت "هەموو رێگایەك دەگرمەبەر بۆ ئەوەی مافی كچەكەم بەدەستبهێنینەوە... سكاڵاكەم گەیاندۆتە دەستەی نەزاهە و پارێزگاری كەركوك دژ بە كۆلێژی زانست، ئەوان زیانێكی زۆریان لە كچەكەمداوە".

shnob
بەپێی بڕوانامەكەی شنۆ بەختیار دەرچوی ساڵی 2017 - 2018یە، بەڵام بەپێی كارەتەكەی لەو ساڵەدا دەرنەچووە

(كەركوك ناو)، دوو رۆژە هەوڵدەدات لێدوان لە راگر و مامۆستایانی كۆلێژی زانست وەربگرێت، بەڵام بەردەست نەبون.

شنۆ بەختیار وتی "كاتێك وتیان دەرنەچویت، حەزمنەدەكرد بچمەوە زانكۆ، منداڵم هەبوو، ماڵمان لە لادێ بوو، خەرجی هاوچۆ زۆربوو، بەڵام دواتر وتم بۆ رەنجی ئەوەندە ساڵەم بەفیڕۆ بڕوات، ئێستاش دەمەوێت مافی ئەو ساڵەم بۆ بگەڕێننەوە".

كاتێك وتیان دەرنەچویت، حەزمنەدەكرد بچمەوە زانكۆ، منداڵم هەبوو، ماڵمان لە لادێ بوو، خەرجی هاوچۆ زۆربوو، بەڵام دواتر وتم بۆ رەنجی ئەوەندە ساڵەم بەفیڕۆ بڕوات

 ئەمە جگەلەوەی زۆرێك لە هاوڕێیەكانی ساڵێكە بە گرێبەست كاردەكەن، ئەو هێشتا نەیتوانیوە كارێك بدۆزێتەوە.

ئەو پرسە شنۆی لەڕوی دەرونییەوە ماندوو كردووە، دەیوت "ئەو ساڵە لانیكەم منداڵەكانم بەخێودەكرت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT