پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركمان، بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه بۆ تاپۆكردنی خانووه زیاده‌ڕۆكانی كه‌ركوك، به پاساوی ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانیان ململانێی له‌سه‌ره و خاوه‌ندارێتی یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پاڵپشت به بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون، ئه‌وه‌ش به‌پێی نوسراوێك كه له 24ی تشرینی دووه‌م ئاراسته‌ی هه‌موو پارێزگاكان كراوه.
له‌و نوسراوه‌دا كه وێنه‌یه‌كی لای (كه‌ركوك ناو)ـه، تێیدا هاتووه؛ ئه‌و خانوانه‌ی تا به‌ر له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و تا 19ی تشرینی دوه‌می 2019 له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ بنیانتنراون، تاپۆ ده‌كرێن.
حزبه توركمانییه‌كانی كه‌ركوك، 25ی تشرینی دوه‌م له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كان به "مه‌ترسیدار" ناوبرد و بڵاویانكرده‌وه، "ئه‌و بڕیاره پێشێلی ده‌ستوره كه تاپۆكردنی قه‌ده‌غه‌كردووه ئه‌گه‌ر ببێته هۆی گۆڕینی دیموگرافی".
به‌بڕوای توركمانی كه‌ركوك، له كه‌ركوك زیاده‌ڕۆیی زۆر كراوه، به ئامانجی سیاسی و زۆرێك له‌و زه‌وییانه‌شی زیاده‌ڕۆیه ناكۆكی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتییان هه‌یه و هێشتا دۆسیه‌كه یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه.
"داوا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین ئه‌و بڕیاره هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، كاتی ده‌رچونی ئه‌و بڕیاره گومانی گه‌وره دروستده‌كات له‌سه‌ر پاڵنه‌ره‌كانی و له كاتێكدایه، خۆپیشانده‌ران داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌و بڕیاره شه‌رعیه‌ت ده‌داته زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كانی تری ده‌وڵه‌ت".
پارته توركمانییه‌كانی كه‌ركوك به‌پێویستی ده‌زانن په‌رله‌مانتارانی پێكهاته‌كه‌یان و لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤیش په‌یوه‌ندی به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بكه‌ن تا ده‌ستبه‌جێ بڕیاره‌كه رابگیرێت له هه‌موو پارێزگاكاندا، به تایبه‌ت له كه‌ركوك.
له دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، هه‌زاران خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه بنیاتنراون كه موڵكی ده‌وڵه‌ت بون له پارێزگاكانی عیراق به كه‌ركوكیشه‌وه.
ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له په‌رله‌مانی عیراق، كه هاوكات په‌رله‌مانتاری به‌ره‌ی توركمانییه له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له حكومه‌ت كردووه بڕیاری تاپۆكردنی خانووی زیاده‌ڕۆ له كه‌ركوك رابگرێت.
ساڵحی ده‌ڵێت "له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی حزب و هێزه توركمانییه‌كان، لیژنه‌كه‌مان داوای له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه چاوبخشێنێته‌وه به بڕیاری تاپۆكردنی زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وی ده‌وڵه‌ت، .. تایبه‌تمه‌ندی كه‌ركوك له‌روی جوگرافیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه رێنادات به جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره".
بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌ك به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌یه، كه نزیكه‌ی دوو مانگه به‌رده‌وامی هه‌یه و تائێستاش به‌هۆیه‌وه، زیاتر له 350 كه‌س كوژراون و هه‌زارانی تر برینداربون.
خۆپیشانده‌ران جگه له داوای شوێنی نیشته‌جێبون، جه‌خت له گۆڕانكاریی سیاسی ده‌كه‌نه‌وه و به‌شێكیان پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێستای عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی.