ته‌رمی دوو ئافره‌ت دۆزرایه‌وه و كچێك به‌هۆی سوتانه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا، ته‌نیا له ماوه‌یه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا و له ناوچه جیاوازه‌كانی كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان.
له دوایین روداودا؛ دوشه‌ممه 25ی تشرینی دوه‌م له گه‌ڕه‌كی عروبه‌ی شاری كه‌ركوك، ته‌رمی ژنێكی 65 ساڵ دۆزرایه‌وه و بۆ لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی، ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كراوه.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە بنكەی پۆلیسی عروبە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌لایه‌ن گەنجێكەوە ئاگاداركراینەوە كە دایكیان لە نێو ماڵەكەی خۆیدا مردوە.. به‌وته‌ی كه‌سوكاری پارە و زێڕی هه‌بووه، بەڵام هیچی نەماوە و مۆبایلەكەیشی دیارنییه".
ئه‌و ژنه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه ناوی نەجمە زاری ئیبراهیم، تەمەنی 65 ساڵە، له خانوویه‌كی ههیكهلدا ژیاوه به كرێی، دوور له كوڕ و كچه‌كانی.
"لێكۆڵینەوە بەردەوامە له‌وه‌ی زێڕ و پارەی ئه‌و ئافره‌ته لای كەسێك یاخود لە شوێنێك شاردراوه‌ته‌وه یان دزراوه، ته‌رمه‌كه‌یشی له پزیشكی دادوه‌رییه تا بزانین خنكێنراوه یان جه‌ڵته لێیداوه" به‌وته‌ی سه‌رچاوه.
ئه‌و روداوه‌كه له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژیدایه، كه دوو رۆژه ده‌ستیپێكردووه و بۆ 16 رۆژ به‌رده‌وامی ده‌بێت، تا له‌رێی چالاكی و هۆشیارییه‌وه دژایه‌تی توندوتیژی دژ به ژنان بكرێت و مافه‌كانی نیشانبدرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش ئافره‌تێكی ئاواره‌ی خه‌ڵكی بێجی به‌ناوی زه‌ینه‌ب حه‌مید ته‌مه‌ن 19 ساڵ له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ئاگری له جه‌سته‌ی به‌رداوه و دوای مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستداوه".
لە پارێزگای كەركوك هیچ پەناگەیەك نییە بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانەی لەلایەن كەسوكارییانەوە روبەڕوی هەڕەشەی جیاواز له نێویاندا كوشتن دەبنەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "هه‌فته‌ی رابردوو له گوندی مه‌ریه‌م به‌گ ته‌رمی كچێكی 13 ساڵ به ناوی سافیه جه‌رجیش شه‌هاب دۆزرایه‌وه كه ئاسه‌واری فیشه‌ك به جه‌سته‌یه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام هێشتا لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه و هۆكاری كوشتنه‌كه‌ی دیارنییه".
رێكخراوەكان هیچ ئامارێكی رەسمی كوشتنی ژنانیان لای نییە لە ئەمساڵدا، بەڵام ئاماژە بە زۆری حاڵەتەكان دەدەن.
سرود ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عیراقی به (كەركوك ناو)ی وت "ئامارێكی وردمان له‌به‌رده‌ستدا نییه، چونكه به‌شێك له تاوانه‌كان ده‌شاردرێنه‌وه له‌لایه‌ن دەزگا ئەمنییهكانەوە یان لەلایەن كەسوكاری قوربانییەكانهوه".
"چەندینجار تاوانی قێزەون كراوە بەرامبەر ئافرەتان و دواتر قسەیان بۆی هەڵبەستووه كە توشی نەخۆشی دەرونی بوە یان لە نێو گەرماوی ماڵەكەیدا سوتاوە یاخود فیشەك لە دەستی هاوسەرەكەی دەرچووە، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ش پرسه‌یان بۆ دانه‌ناوه".
بەشێك لە ژنانی كەركوك لە دۆخێكی كۆمەڵایەتی ناهەمواردا ژیان دەگوزەرێنن، بەهۆی ئەوەی مافەكانیان پێشێلدەكرێت، روبەڕوی لێدان و چاوسوركردنەوە دەبنەوە.
ناجێگری دۆخی ئابووری، دابونەرێت، هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ژنی دووەم و بەزۆر بەشوودان، بەهۆكارە دیارەكانی توندوتیژی دژی ژنان دادەنرێت لە كەركوك.