له‌رێی كۆڕبه‌ندێكه‌وه‌
ئه‌مریكا هانی وه‌ربه‌رهێنان ده‌دات له‌ نه‌ینه‌وا

نه‌ینه‌وا/ئازاری 2019/ به‌ری راستی موسڵ له‌سه‌ر روباری دیجله‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی (USAID)، كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان به‌ڕێوه‌ده‌بات به‌ ئامانجی هاندانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌رتی بنیاتنان له‌و پارێزگایه‌دا، ئه‌وه‌ش له‌ رۆژانی 3 تا 5ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ له‌ هه‌ولێر.

ده‌زگای میدیایی (كه‌ركوك ناو)، هاوبه‌شێكی چالاكی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وایه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌رێی روماڵی میدیاییه‌وه‌، به‌ هه‌واڵ و راپۆرت و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی.

"حكومه‌تی ئه‌مریكا پاڵپشتی ئابوری زیاتری بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا راگه‌یاندووه‌ له‌رێی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان، كه‌ وه‌به‌رهێن و كۆمپانیاكانی ئه‌و پارێزگایه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ تا توانای خۆیان بۆ وه‌به‌رهێنان بخه‌نه‌ڕوو" ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌ی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه‌.

كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له‌و ده‌رفه‌تانه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كاندا ره‌خساوه‌ له‌ نێویاندا كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتیاری و ته‌كنه‌لۆژیا، تا هانی ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیا بدرێت له‌و بواره‌دانه‌دا كاربكه‌ن.

(كه‌ركوك ناو)، پلانێكی میدیایی داناوه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، روماڵی ته‌واوی چالاكییه‌ جۆراجۆره‌كان ده‌كات و گرنگی ده‌دات به‌ دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی له‌ نه‌ینه‌وا.

muslll..
نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوچه‌ی غاباتی گه‌شتیاری له‌سه‌ر كه‌ناری روباری دیجله‌ له‌نێو شاری موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌مریكا و كه‌رتی گشتی و تایبه‌ته‌ له‌ عیراق بۆ پاڵپشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ینه‌وا له‌رێی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان.

ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق وتی "پاڵپشتی گه‌شه‌ی ئابوری بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌شێكی گرنگه‌ لای ئه‌مریكا و هه‌وڵ بۆ عیراقێكی پێشكه‌وتوو ده‌دات به‌ روی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كاندا بوه‌ستێت، كه‌ توندوتیژی ئه‌نجامده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها به‌روی ئه‌وانه‌دا بوه‌ستێت ده‌یانه‌وێت سه‌روه‌ری و دیموكراتی له‌ عیراقدا لاواز بكه‌ن".

كۆمپانیا عیراقیی و ئه‌مریكییه‌كان، پێشوازییان له‌ ئه‌نجامدانی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان كردووه‌، كه‌ گرنگی زۆری هه‌یه‌ بۆ هاوكاریكردنی ته‌واوی ناوچه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌، تا به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ تێبپه‌ڕێنێت كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ به‌ر ژێرخانی نه‌ینه‌وا كه‌وت.

ستیڤ لوتس، جێگری سه‌رۆكی كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ژوری بازرگانی ئه‌مریكا وتی "بڕواموایه‌ هیچ هێزێك نییه‌ بۆ ساڕێژی برینه‌كان و دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ به‌هێزتربێت له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابوری، خستنه‌ سه‌ركاری گه‌نجان له‌ كوڕ و كچ و وا له‌كۆمه‌ڵگه‌ بكرێت جارێكیتر له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت‌ دوای ئه‌و وێرانكارییه‌ی نه‌ینه‌وا و عیراق روبه‌ڕوی بونه‌وه‌".

هه‌روه‌ها پێشیوایه‌ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كان رۆڵی باشیان هه‌بووه‌ له‌ هاوكاریی بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و گه‌شه‌پێدانه‌ و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار.

كاره‌ بازرگانییه‌كان له‌ كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان، ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 127 ملیۆن دۆلار له‌ ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان، ئه‌وه‌ش واده‌كات وه‌به‌رهێنان روبه‌ڕو گفتوگۆی كار و پرۆژه‌كان بكه‌ن.

له‌ گفتوگۆكانی ئه‌و كۆڕبه‌نده‌دا، خه‌ڵكانی پسپۆڕ و شاره‌زایان قسه‌ له‌ بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌كه‌ن، تێڕوانینی گشتگیر و بابه‌تی ده‌خه‌نه‌ڕوو.

ده‌زگاكانی پاڵپشتی كۆڕبه‌نده‌كه‌ پێكهاتون له‌ ژوری بازرگانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، رێكخراوی یه‌زدا (رێكخراوێكی ئێزیدی نێوده‌وڵه‌تییه‌)، یه‌كێتی پیشه‌سازی عیراقی – ژوری بازرگانی نه‌ینه‌وا، دامه‌زراوه‌ی پێشخستنی بازاڕی عیراقی، رابیته‌ی بانكه‌ تایبه‌ته‌كانی عیراق، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ نه‌ینه‌وا، ئه‌نجومه‌نی كاری ئه‌مریكی – عیراقی، له‌گه‌ڵ ده‌زگا میدیاییه‌كانی رادیۆ غه‌د، ئێزیدی 24، تۆڕی میدیایی عیراقی، كه‌ركوك ناو، رووداو و سه‌ما موسڵ.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT