17 هاوڵاتی له نێو شاری كه‌ركوك برینداربون، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی سێ بۆمبی چێنراوه‌وه له شه‌قامی ئه‌تڵه‌س و گه‌ڕه‌كی دومیز.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 30ی تشرینی دوه‌م، بۆمبێكی ده‌نگی له نزیك باخچه‌ی مه‌یدانی كرێكاران له شه‌قامی ئه‌تڵه‌س و بازاڕی مه‌زادخانه ته‌قییه‌وه، به دوای ئه‌ودا، له هه‌مان شوێندا بۆمبێكی چێنراو ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگری كرده ئامانج.
ئەحمەد نەجم، دوكاندار له نزیكی شوێنی روداوه‌كه و شایه‌تحاڵی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له تەقینەوەی یەكەمدا هاوڵاتیان شەڵەژان و دوای دوو خولەك بۆمبێكی تر بە دوری پێنج مه‌تر تەقییەوە".
ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌م ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری جۆری كیای ره‌نگ شینی ژماره كه‌ركوكی كردە ئامانج، به‌هۆیه‌وه شۆفێری ئه‌و ئۆتۆمبێله و سه‌رنشینێكی تر برینداربون.
دوابەدوای ئەو دوو ته‌قینه‌وه‌یه، له نزیكی پردی ره‌شید له گه‌ڕه‌كی دۆمیزی شاری كه‌ركوك، بۆمبێكی تری چێنراو ته‌قییه‌وه و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی برینداربون.
كەریم وەلی، بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك به (كەركوك ناو)ی وت "بە هۆی تەقینەوەكانی ئه‌مڕۆی كه‌ركوكه‌وه 17 بریندار گەیه‌ندراونه‌ته نەخۆشخانە، هه‌مویان مه‌ده‌نی و له ره‌گه‌زی نێر بون، كه برینی به‌شێكیان سوكه و دوای چاره‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌یان به‌جێهێشتووه".
ژماره‌یه‌ك له برینداره‌كان به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه له ژێر چاودێری پزیشكیدا ماونه‌ته‌وه.
ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك، هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌كانی لیوای 61ی تایبه‌ت له نێو شار و گه‌ره‌كه جیاوازه‌كاندا، به ئامانجی نه‌هێشتنی مه‌ترسی ئه‌منی.
دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، به ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و لیوای 61ی فیرقه‌ی تایبه‌ته‌وه‌یه له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كاندا، له قه‌زا و ناحیهكانیشدا سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی جێگیربون.