73 كافتریای نێرگەلە لە كەركوك كراونەتەوە
ماددەی هۆشبەر تێكەڵ بە پێكهاتەكانی نێرگەلە دەكرێت؟

كەركوك/ پێكهاتەیەكی نێرگەلە لە یەكێك لە كافتریاكانی شار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

لیژنەكانی چاودێری تەندروستی دەنگۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە پێكهاتەكانی نێرگەلە لە كەركوك رەتدەكەنەوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا هۆشداریی دەدەنە گەنجان و داوا دەكەن دوربكەونەوە لە بەكارهێنانی.

لە كەركوك 73 كافتریای نێرگەلە كراونەتەوە و ماوەیەكە دەنگۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە پێكهاتەكانیاندا بڵاوبۆتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەكانی چاودێری تەندروستی بەدواداچونەكانیان دەستپێكردووە.

ئەحمەد ئازاد (20 ساڵ)، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو دەنگۆیانە بەشێوەی بڵاو بونیان هەیە، نازانم تاچەند راستن یان نا، بەڵام وایكردووە گەنجان بە ترسەوە بچنە كافتریاكان".

ئەو دەنگۆیانە بەشێوەی بڵاو بونیان هەیە

دەنگۆكان، گەیشتونەتە لیژنەكانی چاودێری تەندروستی، ئەوانیش دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە لە ناو كافتریاكان.

دکتۆرە دەنیز ئەنوەر، بەڕێوەبەرى چاودێرى تەندروستى بە (كەركوك ناو)ی وت "هەفتانە پلانمان هەیە بەشێوەی هەڕەمەکى بەسەر کافتیریاکاندا دەدەین، نمونەیەک لە پێکهاتەكانیان وەردەگرین و رەوانەی تاقیگەی گشتی دەكەین لە بەغدا".

"تاکو ئێستا هیچ ماددەیەکى هۆشبەر لەنێو کافتیریاکانى شارى کەرکوک تۆمارنەکراوە... ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە هانى هاوڵاتیان بدەین نێرگەلە بکێشن، بە پێچەوانەوە داوادەكەین دوربکەونەوە لە نێرگەلەکێشان، بەهۆی زیانەكانییەوە"، دكتۆرە دەنیز ئەنوەر وایوت.

nergala
كەركوك/ پێكهاتەیەكی نێرگەلە لە یەكێك لە كافتریاكانی شار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كافتریاكانی كەركوك پێكهاتەكانیان لە بەغدا و هەرێمی كوردستانەوە پێدەگات، عەلى جونى، سەرپەرشتیاری کافتیریاى میدۆ لە كەركوك وتی "ئەگەر ئەو پڕۆپاگەندانە راستبن ئەی بۆ بازگەكان رێگە بە هاتنە ناوەوەی ئەو پێكهاتانە دەدەن بۆ كەركوك و كافتریاكان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT