بازاڕی قه‌یسه‌ریی كه‌ركوك، دیارنییه كه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆتاییدێت و به‌ڕوی خه‌ڵكدا ده‌كرێته‌وه، له‌كاتێكدا هێشتا زمانی كوردیش بۆ تابلۆی ده‌رگاكانی زیادنه‌كراوه، هه‌رچه‌نده ساڵێك زیاتر به‌سه‌ر سوتانیدا تێده‌په‌ڕێت.
قه‌یسه‌ریی که‌رکوک له ناوه‌ندی شار، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیکه‌م 220 دوکان به ته‌واوی سوتان، هه‌ر ئه‌وکات "له چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌کی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئه‌رکی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ، به‌بێ ئه‌وه‌ی تائێستا واده‌ی كردنه‌وه‌ی دیاربێت.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە فەرمانگەی شوێنه‌واری كه‌ركوك كه قه‌یسه‌رییه‌كه له چوارچێوه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌واندایه به (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی بەدواداچونمان لەگەڵ كۆمپانیا توركیەكە تائێستا سه‌دا 98ی كارەكانی نۆژه‌نكردنه‌وه تەواو بووە، تەنیا وردەكاریی ماوە له بەستنی فێنككه‌ره‌وه‌ی مەركەزی و پێوه‌ری كاره‌با، به‌ڵام هبچ بڕیارێكی فه‌رمی نیه كه‌ی قه‌یسه‌رییه‌كه ده‌كرێته‌وه".
به‌پێی به‌دواداچونه‌کانی (که‌رکوک ناو)، کاره‌کانی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری که‌رکوک له کۆتاییدایه و وه‌ک ئاماده‌کاری بۆ کردنه‌وه‌ی، له هه‌ر حه‌وت ده‌رگاکه‌یدا تابلۆی نوێ دانراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له هیچ یه‌کێکیاندا زمانی کوردی و سریانی بونی نییه. تەنیا بە زمانەكانی عەرەبی و توركمانی نوسراوە.
حەقی ئیسماعیل، نوێنەری زەڕەنگەرانی بازاڕی قەیسەری بە (كەركوك ناو)ی وت "فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنه‌كانی كەركوك كۆمپانیاكەیان ئاگاداركردۆته‌وه تا سه‌رجه‌م تابلۆكان بگۆڕن و ئه‌وانیش بڕیاری گۆڕینیان داوه، بەڵام تائێستا تابلۆ نوێیەكان نەگەیشتون و هه‌ر تابلۆ كۆنه‌كان ماوه كه ته‌نیا به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و توركی نوسراون".
له چه‌ند مانگی رابردوودا سه‌عد حه‌ربیه، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كه دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌یان له‌ده‌ستدایه، به‌ڵێنیان به دوكاندارانی قه‌یسه‌ری دا بۆ زیادكردنی زمانی كوردی له‌سه‌ر تابلۆی بازاڕه‌كه له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كه‌ركوك و كۆمپانیای جێبه‌جێكاردا قسه بكات.
به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، زمانی كوردی و عه‌ره‌بی؛ دوو زمانی فه‌رمی وڵاتن، هه‌ردوو زمانی توركمانی و سریانیش دوو زمانی فه‌رمی ترن له‌و یه‌كه ئیدارییانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌هێنن.
نوێنەری زەڕەنگەرانی بازاڕی قەیسەری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا بۆ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كه یه‌كێك له دوكانداره‌كان چاوی كه‌وتووه به فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی توركی لە بەغدا و ئه‌ویش وتویه‌تی ته‌نیا هەندێك وردەكاری ماوە و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا دوكانه‌كان راده‌ستی خاوه‌كانیان ده‌كرێنه‌وه.
حەقی ئیسماعیل ده‌ڵێت به‌رده‌وام لەگەڵ ئەندازیارانی كۆمپانیای تیكای توركی قسە دەكەن، به‌وته‌ی ئه‌وان ته‌نیا به‌ستنی پێوه‌ری كاره‌با و بۆیه‌ی ده‌رگاكانی ده‌ره‌وه ماوه.
مێژوی قه‌یسه‌ریی که‌رکوک بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه بنیاتنراوه، ساڵی 1983 بۆیه‌که‌مجار نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه. قه‌یسه‌رییه‌که له 232 دوکان پێکدێت و حه‌وت ده‌رگای هه‌یه.