سەركردایەتی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێداگریی دەكەن لە بەدەستهێنانی یەكێك لە جێگر یان یاریدەدەرانی سەرۆكی حزب، بۆ ئەوەش پێشنیاری خۆیان هەیە و دەیبەنە كۆنگرەوە. سەركردایەتییەكی ئەو حزبە دەڵێت "كەركوك باڵی كەس نییە".
كۆنگرەی یەكێتی كە بڕیارە لە 7ی كانونی یەكەم بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا ئەگەری دواخستنی بەهێزە بەهۆی ناكۆكی باڵەكان و رێكنەكەوتنی پێشوەختە لەسەر هەیكەلی بەڕێوەبردن و ئەندامانی كۆنگرە.
یەكێك لە پێشنیارەكان بۆ كۆنگرە، كە جێی ناكۆكی نێوان باڵەكانیشە، دروستكردنی سەركردایەتیی پارێزگاكانە، هەر پارێزگایەك ئەنجومەنێكی سەركردایەتی دەبێت، لەوانە سلێمانی، كەركوك، هەولێر. ئەنجومەنی هەردوو پارێزگای دهۆك و نەینەواش بە هاوبەشی.
باڵی كەركوكی یەكێتی، پێشنیار دەكەن، سەرۆكی ئەنجومەنی هەریەكە لە سەركردایەتییەكانی كەركوك، هەولێر و سلێمانی راستەوخۆ بكرێنە جێگر یان یاریدەدەری سەرۆك بۆ كاروباری پارێزگاكانیان.
ئەندام سەركردایەتییەكی كەركوكی یەكێتی، كە لەبەر هەستیاری دۆخی حزبەكەی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە بۆچونی یەكێتییەكانی كەركوكە، دەمانەوێت رۆڵ و قورساییمان هەبێت، هەر وەك چۆن بە دڵسۆزییەوە دەنگی یەكێتیمان لە كەركوك پاراستووە و جەماوەرێكی باشمان هێشتۆتەوە".
زیاتر وتی "جێگر یان یاریدەدەرێكی سەرۆكی حزب، دەبێت بۆ كەركوك بێت و كاروباری ناوچەكانی جێناكۆكی لە ئەستۆبێت... بۆچونیشمان وایە ئەو سێ جێگرە و سەرۆكی حزب پێكەوە بڕیار بدەن لەگەڵ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن".
جێگر یان یاریدەدەرێكی سەرۆكی حزب، دەبێت بۆ كەركوك بێت
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حزب بەپێی پەیڕەوی ئامادەكراو بۆ كۆنگرە، لە 10 بۆ 14 كەس دەبێت و جێگەی مەكتەبی سیاسی ئێستای یەكێتی دەگرنەوە.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە ساڵی 1975ەوە تەنیا سێ كۆنگرەی كردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ چوار ساڵ جارێك كۆنگرە دەبەسترێت، بەڵام نۆ ساڵە بەهۆی مردنی جەلال تاڵەبانی و ناكۆكی نێوان سەركردایەتیی حزب كۆنگرە نەبەستراوە.
لە ئێستادا حزبەكە بەسەر پێنج بەرە و باڵی جیاوازدا دابەشبووە، باڵی ماڵی مام جەلال، پێداگری لە هەبونی یەك جێگر بۆ سەرۆك دەكەن. كۆسرەت رەسوڵ، ئەو پێشنیارە رەتدەكاتەوە و لەگەڵ زیاد لە جێگرێكە بۆ سەرۆكی حزبەك. هەرچی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراقە پشتیوانی دەكرێت بۆ سەرۆكی حزب بە دەسەڵاتێكی كەمەوە.
سەركردەی كەركوك، وتی "كەركوك باڵی كەس نییە و پێشنیاری خۆیان هەیە، بە مافی خۆشمان دەزانین رۆڵ و قورسایی خۆمان هەبێت".
ئەمەش لەكاتێكدایە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبەكە، هەموو رێككەوتنێكی پێشوەختە رەتدەكاتەوە و بۆتە جەمسەرێكی تری حزب، لە پاڵ ژمارەیەك ئەندامی تری مەكتەبی سیاسی كە بێ باڵ و بەرە ماونەتەوە.
كەركوك لە ئێستادا سەرپەرشتیاری هەردوو مەكتەبی رێكخستن و هەڵبژاردنی یەكێتییان لە ئەستۆیە. لەگەڵ ژمارەیەك مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتیی و لەنێو مەكتەبەكانی تردا رۆڵ و كاریگەرییان هەیە.
رەفعەت عەبدوڵا، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن، وەك سەركردەی باڵی كەركوكی یەكێتی دەبینرێت و لە بڕیارەكاندا جێ پەنجەی دیارە.
ژمارەی ئەو ئەندامانەی كۆنگرە كە لە مەڵبەندەكانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دیاریدیكرێن، بەوەش مەڵبەندی كەركوك زۆرترین ئەندامی بەردەكەوێت كە نزیكەی 130 ئەندامی كۆنگرەیە. بە پێچەوانەوە هەولێر ناگاتە 50. ئەوەی هێزی زیاتر بە باڵی كەركوكی یەكێتی دەدات.
رێبین محەمەد، کاندید بۆ کۆنگرەی یەکێتی لەکەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "کۆنگرە بۆ ئێمەی کەرکوکی گرنگە، لەڕێگای رێکخستنی خۆمانەوە داومان کردووە کەرکوکییەکان ڕۆڵ و پێگەی تایبەتیان هەبێت".
لەڕێگای رێکخستنی خۆمانەوە داومان کردووە کەرکوکییەکان ڕۆڵ و پێگەی تایبەتیان هەبێت
"جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەركردایەتی پارێزگاكان بۆ كۆنگرە جێهێڵدراوە و لەوێ بڕیار دەدرێت"، رێبین وایوت.
فەحرەدین محەمەد، كاندیدی تری كۆنگرە لە كەركوك، وتی "پێمانوایە دەبێت رۆڵی سەرکردایەتی حزب رەچاوی کەرکوک بکات، دەشمانەوێت كۆنگرە چارەنوسی ئەم شارە و شێوازی كاركردنی داهاتوو یەكلاییبكاتەوە".
ئەو خواستەی كەركوكییەكانی یەكێتی، هاوكاتە لەگەڵ بەهێزبونی ئەو دەنگانەی داوای دواخستنی كۆنگرە دەكەن. كە هێشتا دیارنییە كەركوك دەتوانێت چۆن رۆڵ بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە.