خانووه‌كه‌ی عه‌بدوڵا پێدەچوو بۆمبڕێژكراو بێت؛ بۆیه ته‌واوی خێزانه‌كه سڵیاندهكردهوه بچنه ژورەوە، تا یه‌كێك له كوڕه‌كان پێشنیازی بۆ باوكی كرد یه‌كه‌م كه‌س فارس-ی برای بچێته ژووره‌وه، فارس كه تووشبوی داون-ـه، بێ هیچ ناڕه‌زاییه‌ك به‌و سەرکێشییە قایل بوو.
ئه‌ندامانی خێزانه‌كه كه‌سیان دژی پێشنیازه‌كه نه‌بوو، له نێویاندا عه‌بدوڵای باوك، ده‌ستبه‌جێ داوای له كوڕه‌كه‌ی كرد بچێته ژورەوە و هه‌ندێك له شتومه‌كه‌كان بجوڵێنێت، تا دڵنیابنه‌وه بۆمبڕێژکراوە یان نا.
ئه‌کرا له هه‌ر چركه‌یه‌كدا بێت خانووه‌كه بته‌قێته‌وه، بۆیه ته‌واوی خێزانه‌كه دوورتر كهوتنهوە و فارسیان به تەنیا بۆ ئەو چارەنوسە نادیارە بەجێهێشت.
فارس كه بێ ئاگابوو له‌وه‌ی روده‌دات، چووه نێو خانووه‌كه و نزیكه‌ی یه‌ك كاتژمێر مایه‌وه، به‌ڵام بەختی هه‌بوو کە هیچ نەتهقییهوه، له‌وێوه ترس و دڵه‌ڕاوكێی خێزانه‌كه ره‌وییه‌وه دوای ئەوەی ئەو تاقیکردنەوەیان لەسەر کوڕە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەیان کرد.
ئه‌وه‌ی روویدا، له تشرینی یه‌كه‌می 2017دا بوو، تازه قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكرابۆوه، هێشتا هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان نه‌كردبوو به پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه له بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی.
ته‌نیا له دوو ساڵدا، ته‌قه‌مه‌نی و بۆمبه‌كانی سه‌رده‌می داعش، بۆته هۆی كوژرانی زیاتر له 70 کەس لە ته‌له‌عفه‌ر.
خێزانه‌كه ده‌ترسان بچنه ژووره‌وه، بۆیه كوڕه‌كه‌یان نارد وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه
"خێزانه‌كه‌ی عه‌بدوڵا له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌دا گه‌ڕانه‌وه، مه‌ترسی بۆمبڕێژكردنی خانوەکان زۆربوو، بۆیه دودڵبون و ده‌ترسان بچنه ژوره‌وه، تا پلانی ئه‌وه‌یان داڕشت كوڕه‌كه‌یان بنێرین وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك،" به‌وته‌ی شایه‌تحاڵێك، كه كه‌سێكی نزیكی خێزانەکەیە.
فارس، ناوی خوازراوی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵی دانیشتوی ته‌له‌عفه‌ره، سێیه‌م كوڕی خێزانێكی حه‌وت كه‌سییه، توانای قسه‌كردنی نییه و به زمانی ئاماژه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا ده‌دوێت، ئه‌و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و تووشبووه به داون.
داون یان مەغۆلی (Down Syndrome)، یەکێکە لەو نەخۆشییە زگماكییانهی تووشی ھەردوو رەگەزی نێر و مێ ده‌بێت، خاوه‌ن روخسارێكی تایبه‌تن، ده‌موچاویان پان و ته‌خته، ملیان كورت، زۆرینه‌یان بیرۆكۆڵن.
ئه‌مڕۆ 3ی كانونی یه‌كه‌م، رۆژی جیهانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ته، ئه‌و توێژه له عیراق به بارودۆخی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕن.
له عیراقدا، نزیكه‌ی ملیۆنێك و 500 هه‌زار خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هه‌یه، به‌پێی دوایین ئاماری ناوه‌ندی ئامار له 2016دا، بێ نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كانیش، دوابه‌دوای شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعش و به‌رده‌وامی توندوتیژییه‌كان، ئه‌و ژماره‌یه بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده به‌رزبۆته‌وه.
فارس، یه‌كێكه له‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییانه‌ی وه‌ك كه‌سوكاری باسی ده‌كه‌ن، له كوله‌مه‌رگیدا و ئه‌وپه‌ڕی پشتگوێخستندا ده‌ژی.
جارێكیان له ماڵ دوركه‌وته‌وه و دیارنه‌ما، بۆیه خێزانه‌كه‌ی دواتر به‌ستیانه‌وه و له ماڵه‌وه زیندانییان كرد
"رۆژانه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه به‌سه‌رده‌بات، بێئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێك له خێزانه‌كه‌ی لێی بپرسنەوە، یان كه‌سێك ئاگاداری بێت،" كه‌سه نزیكه‌كه‌ی خێزانه‌كه‌ی عه‌بدوڵا وای وت.
ئه‌و كه له نزیكه‌وه ئاگاداری ژیانی ئه‌و كوڕه‌یه، ده‌ڵێت فارس به ته‌نیا دراوسێ به دراوسێ و دوكان به دوكان ده‌ڕوات، له نێو خۆڵ و خاشاكدا پاره‌ی ئاسن و یاری شكاو ده‌رده‌هێنێت.
"جارێكیان له ماڵ دوركه‌وته‌وه و دیارنه‌ما، بۆیه خێزانه‌كه‌ی دواتر به‌ستیانه‌وه و له ماڵه‌وه زیندانییان كرد، به‌ڵام زۆر به‌هێزه و توانی دهستهبهستراوهكانی بكاته‌وه و هه‌ڵبێت".
خزمه‌كه‌ی فارس، بێ ده‌سه‌ڵات و له دوره‌وه خه‌م بۆ مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌و گه‌نجه ده‌خوات، ئومێدێكی به‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ بیستنی چیرۆكه‌كه‌یدا حكومه‌ت ئاوڕ له پێداویستییه‌كانی ئه‌و و خاوه‌ن پێداویستییه‌كانی تر بداته‌وه.
به‌پێی یاسای چاودێری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، كه په‌رله‌مانی عیراق له 2013دا په‌سه‌ندی كردووه، جیاكاری به‌خۆی كه‌مئه‌ندامییه‌وه رێگه‌پێنه‌دراوه و حكومه‌ت به‌رپرسه له دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیان، كار و بژێوی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت.
هیچ به‌رنامه و پلانێك نییه بۆ هاوكاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ڵكو گره‌نتی دابینكردنی پێداویستییه‌كانیشیان نییه
جه‌مال جاسم، پارێزه‌ر له نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به بڕگه‌كانی یاسای چاودێری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌پێویستی زانی ئه‌و توێژه تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگە بكرێن، له كه‌رتی تایبه‌ت و گشتیشدا هه‌وڵبدرێت كاریان بۆ بدۆزرێته‌وه.
"ناكرێت ئه‌و توێژه روبه‌ڕوی جیاكاری ببنه‌وه به‌هۆی كه‌مئه‌ندامییه‌وه، پێویسته ژیانێكی رێزلێگیراویان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت" جه‌مال بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا، سێ ساڵ له‌ژێر ده‌ستی داعش و توندوتیژی زۆردا بوو، به‌هۆی ته‌قینه‌وه و بۆردومانه‌كانه‌وه جگه له وێرانكاریی، زیانی زۆری گیانی به خه‌ڵك گه‌یشت.
سه‌لام عه‌دنان، چالاكوانی مه‌ده‌نی له ته‌له‌عفه‌ر، ده‌ڵێت له پاڵ زۆری ژماره‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له قه‌زاكه‌یاندا، به‌ڵام پلان و گرنگیدانی ده‌سه‌ڵات به‌و توێژه نییه و نابینرێت.
"هیچ به‌رنامه و پلانێك نییه بۆ هاوكاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ڵكو گره‌نتی دابینكردنی پێداویستییه‌كانیشیان نییه له چاره‌سه‌ر، پاڵپشتی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، نه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و نه رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه".
سه‌لام ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو) وت له ته‌له‌عفه‌ر ته‌نانه‌ت ناوه‌ندێكی ئاماریش نییه بۆ تۆماركردنی ژماره‌ی خاوه‌ن پێداویستی و پێداویستییه‌كانیان، هیچ ناوه‌ندێك نه‌كراوه‌ته‌وه تا دوباره ئه‌وان تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگه و ژیانی ئاسایی بكرێنه‌وه و بچنه بۆ خوێندن.