مەقامبێژانی سێ نەتەوەی نۆ شاری عیراق و هەرێمی كوردستان، پێكەوە لە شاری كفری مەقام دەچڕن، لە فیستیڤاڵێكی گەرم و گوڕدا كە تیایدا نامەی پێكەوەژیانی نەتەوەكان و كلتوری هاوبەش و خەمخۆرییان بۆ پاراستنی مەقام كۆیكردونەتەوە.
فیستیڤاڵە دوو رۆژییەكە، تایبەت بوو بۆ مەقامبێژان لەسەر ئاستی عیراق، لە قەزای كفری بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونى چەندین گروپ و نەتەوە كە لە نۆ شارەوە هاتبون. تیایدا ئامانج لێی زیندوو هێشتنەوەی هونەری مەقامبێژیی و گۆڕینەوەی ئەزمونی نەتەوە و گروپەكانە لەو بوارەدا، لەگەڵ نامەی نەتەوەكان كە دەتوانن پێكەوە بەئاشتی بژین.
ئەحمەد نەجیب عەزیز، توركمان، لە كەركوكەوە بە مەقام بەشدارییكرد، ئەو فیستیڤاڵەی بە گرنگترین هەوڵزانی بۆ رەسەنایەتی هێشتنەوەی مەقام و پاراستنیی و وتی "ئەم فیستیڤاڵە نمایشی سەدەیەك لە پێكەوژەیانی نەتەوەكان و قبوڵكردنی یەكتر دەكات لە عیراق، كاتێك پێشوازی گەرمی ئامادەكارانی فیستیڤاڵەكەمان بینی دڵخۆش بوین، وەک نەتەوەى تورکمان و مەقامبێژان سەربەرزبوین".
ئەم فیستیڤاڵە نمایشی سەدەیەك لە پێكەوژەیانی نەتەوەكان و قبوڵكردنی یەكتر دەكات
ئەوە چوارەمین فیستیڤاڵی مەقامبیژانە لە شاری كفری، ئەحمەد نەجیب جاری سێیەمە بەشداریی دەكات.
"هەتا فیستیڤاڵ بەردەوام بێت، هەرگیز مەقامەکانى نەتەوەکانمان ون نابێت و هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە"، ئەحمەد نەجیب وایوت.
مەقامبێژانی، بەغدا، كەركوك، هەولێر، موسڵ، هەورامان، سلێمانی، كۆیە، كەلار و كفری بەشداربون. كە چوارشەممە 4ی كانونی یەكەم دوای دوو رۆژی فیستیڤاڵەكە بوو.
چڕینی مەقام، گفتوگۆی چۆنیەتی مانەوەی ئەو هونەرە و مێژووەكەی بەشێك بوو لە فیستیڤاڵەكە.
عومەر حەمە، مامۆستا و شارەزای مەقام، كە لە ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، لە كەركوكەوە بەشداریی فیستیڤاڵەكەی كرد، وتی "لەم فیستیڤاڵە توانیومانە مەقام لەمردن رزگار بکەین، گرنگە ئەمە بەردەوامبێت و ئەو هونەرە رەسەنە زیندوو بمێنێتەوە".
بونی نەتەوەی جیاواز لە كفریی و مەقامبێژی بە ئەزمون لە ناوچەی گەرمیان، هۆكارێكی هەڵبژاردنی كفرییە بۆ ئەو فیستیڤاڵە.
ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، لە فیستیڤاڵەكە، بەهەرسێ زمانی عەرەبی، كوردی و توركمانی مەقامیان چڕیی و لایەنێكی گرنگ و دیاری فیستیڤاڵەكە بون.
عومەر حەمە وتی "لەم فیستیڤاڵە وەک دەستە گوڵێک بەشداریمان کرد، ئەمەش پەیامى پێکەوە ژیانمانە".
ناوەندی عەلی مەردان و قاوەخانەی رۆشنبیری كفری، بە چاودێری وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان فیستیڤاڵەكەیان رێكخست.
فاتیح سەلام، سەرپەرشتیارى فیستیڤاڵەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "کفرى مێژوویەكی هەیە و ناوەندێکى دێرینی مەقامبێژ و ئاوازدانەرانە".
"لێرە مەقام و زمان، نەتەوە و کەلتور، پێکەوە ژیان و ئاشتى كۆبونەوە"، فاتیح سەلام وایوت.