ئاسانكاریی و قه‌رز
كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای وه‌به‌رهێنانه‌ له‌ نه‌ینه‌وا

هه‌ولێر، كانونی یه‌كه‌می 2019، دووه‌م رۆژی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

وه‌به‌رهێنه‌ر و لێپرسراوانی نه‌ینه‌وا، چاوه‌ڕێی ئاسانكاریی و قه‌رز ده‌كه‌ن له‌ ئیداره‌ی پارێزگا و حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، تا ده‌ستكراوه‌بن له‌ پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی و بنیاتنانه‌وه‌دا.

ئاسانكاریی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران، ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بوو بۆ وه‌به‌رهێنان كه‌ 3 تا 5ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، بۆ ئه‌وه‌ی هانی سه‌رمایه‌داران بده‌ن پرۆژه‌كانیان ببه‌نه‌ موسڵ.

لویس یوسف، خاوه‌نی پرۆژه‌یه‌كی به‌خێوكردنی مانگایه‌ له‌ ناوچه‌ی به‌رتڵه‌ی نه‌ینه‌وا و چاوی له‌وه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ی گه‌وره‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئاسانكاری بۆ بكرێت.

"ژماره‌یه‌كی باش له‌ وه‌ربه‌رهێنه‌ران ئاماده‌ن چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌ سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام ئاسانكاری له‌به‌رێوه‌بردنی مامه‌ڵه‌كانیان ناكرێت، وه‌به‌رهێنه‌رێك تا مۆڵه‌تی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌ك وه‌ربگرێت له‌وانه‌یه‌ شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك چاوه‌ڕێبكات" به‌وته‌ی لویس.

له‌ كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان، گفتوگۆی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئاوه‌دانی كرا، تا وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی و بیانی هانبدرێن سه‌رمایه‌كانیان له‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كانی ژێرده‌ستی داعش بخه‌نه‌گه‌ڕ.

nainawa (4)-2
لارا یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوش و باسم یه‌عقوب، قایمقامی قه‌زای تلكێف فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی (USAID) به‌رێوه‌چوو، ده‌رفه‌تێك بوو بۆ وه‌به‌رهێنان به‌ بڕیاری 127 ملیۆن دۆلار، له‌ كه‌رته جیاوازه‌كانی بیناسازی، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتیاری و ته‌كنه‌لۆژیا.

وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ی به‌رتڵه‌ وتی "له‌ نێو پرۆژه‌كه‌ی من دا ته‌نیا 100 مانگا به‌خێو‌ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر هاوكاریمان بكه‌ن ده‌توانم ژماره‌یان بۆ دوو ئه‌وه‌نده‌ زیاد بكه‌م و هه‌لیكاریش بۆ گه‌نجان زیاد ده‌بێت".

داواكارییه‌كی تری لویس یوسف له‌ ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا و حكومه‌تی عیراقی ئه‌وه‌یه‌  هاوكاری وه‌به‌رهێنه‌ران بكه‌ن له‌ رووی دارایی و كارئاسانی له‌ به‌ڕێكردنی مامه‌ڵه‌كانیاندا.

كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان، كه‌ سه‌دان كه‌س له‌ لێپرسراوان و سه‌رمایه‌دار و شاره‌زایانی ئابوری تێیدا به‌شداربون، ده‌زگای میدیایی (كه‌ركوك ناو) هاوبه‌شێكی چالاكی بوو له‌رێی روماڵی میدیاییه‌وه.

باسم یه‌عقوب بلو، قایمقامی قەزای تلکێف له‌ نه‌ینه‌وا هاوڕای وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ كه‌ روبه‌ڕوی كێشه‌ و به‌ربه‌ستی زۆر ده‌بنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا سنوره‌كه‌یان به‌ تایبه‌ت له‌ رووی كشتوكاڵییه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ده‌توانن زۆر سودی لێببینن.

musl
نه‌ینه‌وا/ئازاری 2019/ به‌ری راستی موسڵ له‌سه‌ر روباری دیجله‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

"پێویستە یاسای وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەندێک گۆڕانکای تیادا بکرێت، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەردا بێت، تا بتوانن زۆرترین پڕۆژە لەپارێزگای نەینەوا ئەنجامبده‌ن".

قایمقامی تلكێف ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا به‌ڵێنه‌ بۆ هاوكاری وه‌به‌رهێنه‌ران و دواتریش هاوكاریی ناكرێن، "وه‌به‌رهێنه‌ر زۆر پێویستی به‌ كات هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌ك شه‌ش مانگ یان ساڵێك چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی بۆ بكه‌یت، ئه‌وا بۆ 10 ساڵی دیكه‌ش بواری وه‌به‌رهێنان له‌ نه‌ینه‌وا گه‌شه‌ ناكات".

شاری موسڵ و ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بۆ سێ ساڵ له‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزیدا بوو، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ زیانی زۆر به‌ر ژێرخانی گشتی و تایبه‌تی پارێزگاكه‌ كه‌وت.

زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "دوای نه‌مانی داعش ورده‌ ورده‌ وه‌ربه‌رهێنه‌ران روویان له‌ نه‌ینه‌وا كردوه، ژماره‌یه‌كی باش له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌نجامدراون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌دا".

له‌ نه‌ینه‌وا 14 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ بواری وه‌به‌رهێناندا ده‌رچووه‌ و بڕیاره‌ بخرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

78256652_947595158959122_8260943734963699712_o
(كه‌ركوك ناو) هاوبه‌شى كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان بوو بۆ روماڵی میدیایی

به‌وته‌ی قایمقامی موسڵ له‌رێی ئه‌و پرۆژانه‌وه‌ هه‌لیكار بۆ هه‌زاران گه‌نج ده‌ره‌خسێت، كه‌ چواریان پرۆژه‌ی گه‌شتیارییه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون و رێگه‌وباندا.

ئه‌عره‌جی نه‌یشارده‌وه‌ رۆتینی زۆر هه‌یه‌ له‌ به‌رێكردنی مامه‌ڵه‌ی وه‌به‌رهێنه‌راندا، ئه‌وانیش پشتگیری چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ ئێستادا فه‌رمانی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌رچووه‌ به‌ ئامانجی كارئاسانی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر.

له‌ كۆڕبه‌ندی نه‌ینه‌وا بۆ وه‌به‌رهێنان، به‌ڵێنی زۆرینه‌ی لێپرسراوانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بۆ ئاوه‌دانی بوو له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی تری زیانلێكه‌وتووی ده‌ستی داعش، ئه‌وه‌ش له‌رێی هاندانی وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌.

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ دووه‌م رۆژی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا دوای باسكردنی وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر موسڵ، وتی "نه‌ینه‌وا روبه‌ڕوی ته‌حه‌ددی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و پێویستی به‌ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌ تا بتوانێت جارێكیتر هه‌ستێته‌وه"‌.

جبوری دڵنیایی له‌ بارودۆخی ئه‌منی نه‌ینه‌وا دا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ به‌هاوكاری خه‌ڵك، چیتر نه‌ینه‌وا په‌ناگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ تیرۆر و دانیشتوانه‌كه‌ی لایه‌نگری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن، "ئێستا موسڵ شوێنێكی گونجاویشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و كار و قازانج".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT