دایكی كاروان: رۆژ نییە جەرگی دایكێك لە كەركوك نەسوتێت

كاروان عوسمان (35ساڵ)، پیشە پۆلیس، هەینی 6ی كانونی یەكەم بە تەقینەوەیەك لە كەركوك گیانیلەدەستدا

كاروان ساڵحی – كەركوك

کاروان عوسمان (35ساڵ)، هەینی رابردوو لەكاتێكدا لەگەڵ هاوڕێ پۆلیسەكانی تریدا دەیانویست مزگەوتەكان بپارێزن و پارێزگاری لە نوێژخوێنان بكەن، بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلەكەیاندا تەقییەوە و بەسەختی برینداردەبێت، بەڵام لە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات. دایكی دەڵێت "جەرگیان سوتاندم، رۆژ نییە جەرگی دایكێك لە كەركوك نەسوتێت".

روداوەكە كاتژمێر 12ەو 20 خولەكی نیوەڕۆی هەینی 6ی كانونی یەكەم بوو، كاروان و هاوڕێیەكی دوای ئەوەی پۆلیسێك دەگەیەننە بەردەم مزگەوتێك دوای گەڕانەوەیان و لە گەڕەكی پەنجا عەلی بۆمبێك پێیاندا دەتەقێتەوە و هەردوكیان برینداردەبن.

لەگەڵ گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، كاروان كە 16 ساڵە پۆلیسە و كوردە، گیانلەدەستدەدات.

سامان عوسمان برای كاروان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنج خولەك پێش تەقینەوەكە، تەلەفونم بۆ كرد و وتی خواردنەکەم بۆ ئامادەبکەن، کەمێکى دیکە كە هاوڕێیەكانم بێنەوە دێم دەیبەم".

xezani.karwannn

هاوژین جەلال، لە پرسەی كاروانی هاوسەریدا كچە بچوكەكەیانی لە باوەشگرتووە كە تەمەنی شەش مانگە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هاوڕێیەكانی كاروان بەسەر مزگەوتەكاندا دابەشبون بۆ پاراستنی گیانی نویژخوێنان، ئەوەش بەپێی بڕیاری پۆلیسی كەركوك. خۆیی و ئەو هاوڕێیەشی كە لەگەڵیدا برینداربوو، لەسەر رێگای سەرەكی پەنجا عەلی چاودێری ئەمنیەتیی ناوچەكەیان دەكرد.

ماڵی كاروان لە شوێنی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەكەوە دور نەبوو. سامانی برای وتی "کە گوێم لە دەنگى تەقینەوەکە بوو، دەستبەجێ چوومە بەر دەرگا بینیم دوکەڵ لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بەرزدەبێتەوە، بەپێی رامکرد بۆ شوێنى تەقینەوەکە بینیم کاروان بریندارە".

كاروان تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە و ساڵی 2006 ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و سێ كچیان هەیە، هەنسك هەشت ساڵ، فرمێسك حەوت ساڵ و هێلین شەش مانگ.

لە شوێنی تەقینەوەكە بەردەوام ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی فریاكەوتنی لێیە، هێشتا دەزگا ئەمنییەكان هیچ سەرەداوێكی روداوەكەیان لا نییە.

یەکێک لە پۆلیسەکانى هاوڕێی كاروان، كە رێپێدراو نییە قسە بۆ راگەیاندن بكات، وتی "كاروان و ئەو هاوڕێیەی، چەند پۆلیسێكیان بردووە بۆ پاسەوانی مزگەوتەكان و بڕیاربووە دوای نوێژی بچنەوە بەدوایدا، بەڵام تەقینەوەكە رویداوە".

taqenawaka

كەركوك/6ی كانونی یەكەمی 2019/ شوێنی ئەو تەقینەوەیەی كاروان تیایدا برینداربوو، دواتر گیانیلەدەستدا

ئەو روداوە دوای زنجیرەك روداوی ئەمنیی و تەقینەوەی تر دێن لە مانگی تشرینی دوەەمدا لەناو شاری كەركوك دەوروبەری، دیارترینیان سێ تەقینەوەی بۆمب كە بەهۆیەوە 17 كەس برینداربون لە هەفتەی رابردودا.

سامان وتی "لەوەتەی بۆتە پۆلیس چەند جارێكی تر بۆمب بە مەفرەزەی خۆی و هاوڕێیەكانیدا تەقیوەتەوە و ئەم سەلام بووە، بەڵام ئەمجارە ئەو بەركەوت و جێیهێشتین".

کاروان، لەنێو خزم و هاوڕێیەكانیدا بەدەم بەخەندە و قسەخۆش ناوی دەركردبوو، براكەی دەڵێت "بڕواناكەم تا ئێستا دڵى هیچ کەسێکى زویر كردبێت".

هاوژین جەلال، لە پرسەی كاروانی هاوژین-یدا بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەى دوو مانگ بوو نەگەڕابومەوە ماڵی باوكم، شەوی پێنجشەممە گەڕامەوە و نیوەڕۆی هەینی پێیانوتم كاروان بریندارە".

كاتێك هاوژین دەچێتە نەخۆشخانە، كاروان گیانیلەدەستدابوو. "داواکارم لە یەزدانى مەزن ئەو کەسەى جەرگى ئێمەى سوتان و منداڵەکانمى بێ باوك كرد، وەکو ئێمەى بەسەربێت"، هاوژین وایوت.

police-1

كەركوك/7ی كانونی یەكەمی 2019/ ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس لە نزیك پرسەی كاروان عوسمان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئایشە نەسرەدین، دایکى کاروان، دەڵێت روداوەكە تەنیا سوتاندنی جەرگی ئەوان نییە، بەڵكو كولانەوەی جەرگی ئەوانەشە كە لەپێشتردا بەو شێوەیە رۆڵەكانیان لەدەستداوە.

"داواکارم ئاوڕێک لە کەرکوک بدرێتەوە، رۆژ نییە رۆڵەى ئەم شارە نەكوژرێت و جەرگی دایكی تر نەسوتێت، ئایا ژیان بەمشێوەیە دەبێت"، ئایشە وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT