وەزیری پلاندانانی عیراق بڕی 36 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی 70كم لە رێگای نێوان كەركوك – بەغدا. كە بە "رێگای مەرگ" ناسراوە.
راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، لە راگەیەنراوێكیدا ئەمڕۆ دووشەممە 9ی كانونی دووەم، ناوەڕۆكی كۆبونەوەیەكی خۆیی و د. نوری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عیراقی لە بەغدا ئاشكراكردووە، سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی ئەو رێگایە.
بەپێی راگەیەنراوەكە، 36 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگای كەركوك - بەغدا لە قەزای دوزخورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین تا ناحیەی عەزێم لە پارێزگای دیالە تەرخانكردووە، كە 70كم-ە. بۆ ئەوەش سوپاسی رۆڵی وەزیری پلاندانانی كردووە.
راكان دەڵێت "پێشتریش چەند جارێك داوای نۆژەنكردنەوەی رێگای مەرگ-مان كردووە لە نێوان بەغدا و كەركوك".
بەپێی راگەیەنراوەكە، نۆژەنكردنەوەی رێگاكە دەبێتەهۆی كۆتاییهێنان بە نەهامەتیی گەشتییاران و گەشانەوەی جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان پارێزگاكان و لە خزمەتی هاوڵاتیاندا.
هاوكات ئیدارەی كەركوك، لە بودجەی پارێزگا، بڕێك پارەی بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگای كەركوك – دوزخورماتوو تەرخانكردووە، بە درێژایی 18كم لە سنوری كەركوكەوە.