15 رۆژە ئاوارەكانی چیای شنگال كارەبای نیشتیمانیان لێبڕاوە، ئەوەش بەهۆی تێكچون و نەبونی محاویلەی كارەباوە.
ئەو كێشەیە كە روبەڕوی ئاوارەكانی كەمپی سەردەشت بۆتەوە لە چیای شنگال، هێشتا لەلایەن ئیدارەی شنگالەوە چارەسەر نەكراوە و بۆ ئەو مەبەستەش هیچ بەڵێنێكیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا وەرزی سەرما و بارانبارین دەستیپێكردووە.
موراد حەجی، چوار ساڵە لەو كەمپە ئاوارەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە سێ ئیدارەمان هەیە، دهۆك، شنگال و موسڵ، لەو سێ ئیدارەیە كەسیان نەیانتوانیوە كێشەی كارەبای ئەم كەمپە چارەسەربكەن، شەوان تاریكە، منداڵەكانمان نانوانن بخوێنن و كارەبای مۆلیدەش نییە".
سێ ئیدارەمان هەیە، دهۆك، شنگال و موسڵ، لەو سێ ئیدارەیە كەسیان نەیانتوانیوە كێشەی كارەبای ئەم كەمپە چارەسەربكەن
موراد وتی، لەكاتێكدا دۆخی ئەمنی باشوری چیای شنگال و گوندەكان باش نییە، بەڵام هەندێك خەڵك بەناچاریی گەڕاونەتەوە گوندەكانیان بەهۆی نەبونی كارەباوە.
كارەبای نیشتیمانیی ساڵی 2018 لەسەر ئەركی ئاوارەكانی ناو كەمپەكە و ژمارەیەك خێرخواز دوای كۆكردنەوەی 60 ملیۆن دینار بۆ چیای شنگال راكێشرا، تەنیا یەك ماحویلەی لێیە و ئەویش تێكچووە.
خودێدا چۆكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ – ناحیەكە ئیدارەی چیای شنگال دەكات-، وتی "محاویلەكە بەرگەی كارەبای دوو هەزار خێزان ناگرێت، بۆیە كێشەی كارەبا دروستبووە، ئەگینا هاوین بەهۆی ئەوەی كەمتر كارەبا بەكاردەهێنرا كیشەیان نەبوو".
ئیدارەی سنونێ، داوای هاوكارییان لە فەرمانگەی كارەبای موسڵ كردووە بۆ پێدانی محاویلەیەك، بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە.
بەر لە راكیشانی كارەبای نیشتیمانیی، كەمپەكە شەش مۆلیدەی هەبوو، بەڵام دواتر لەسەر داوای خەڵك مۆلیدەكان لابران، چونكە 20 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بەهاوڵاتیان دەدرا.
زیات قەوال، بەڕێوەبەری شارەوانی كەمپی سەردەشت، وتی "ناتوانین مۆلیدەكان دابنێینەوە، چونكە رێگای نێوان شنگال و سوریا داخراوە، جاران لەوێوە گاز بە نرخێكی هەرزان دەگەیشتە كەمپەكە".