كۆنفرانسی مەڵبەندی كەركوك، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە دوای دوو رۆژ كۆتایی هات، زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكان بە "تەفواق و رێككەوتن"ی چەند سەركردەیەكی حزبەكە كۆتایی پێهێنراوە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوەی باڵای نێو مەڵبەند. بەشێوەیەك ناڕەزایی بەشێك لە كاندیدەكانی لێكەوتۆتەوە.
كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی، 9ی كانونی یەكەم بۆ هەڵبژاردنی زیاتر لە 500 ئەندامی كۆنگرە دەستیپێكرد، زۆرینەی هەرە زۆری مەڵبەندەكان هەمان رۆژ ئەنجامە نافەرمییەكانیان راگەیاند، بەڵام مەڵبەندی كەركوك دوو رۆژی خەیاند.
لە مەڵبەندی كەركوك هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی 124 بەڕێوەچوو، دواین مەڵبەند بوو كە ئەنجامە نافەرمییەكانی بڵاوكرانەوە.
یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی لە مەڵبەندی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمەی رویدا كۆنفرانس نەبوو، بەڵكو لیستێكی ئامادەكراوی پێشوەختە هەبوو، بەڕێكەوتنی چەند سەركردەیەك و هەر ئەوان دەرچوێندران كە مەبەستیان بوو... هەقە سەركردایەتی یەكێتیی ئەوانەی خەمی كۆنگرەی نوێبونەوەی یەكێتییانە ئەمە قبوڵنەكەن".
ئەمەی رویدا كۆنفرانس نەبوو، بەڵكو لیستێكی ئامادەكراوی پێشوەختە هەبوو
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی یەكێكە لە كاندیدە دەرنەچووەكان، زیاتر وتی "ئەو لیستە چەند سەركردەیەكی كەركوك و هەولێری یەكێتیی و تەنانەت سلێمانیش لەسەری رێككەوتون، ئەوانە دەرچوێندراون كە خۆیان مەبەستیان بوو، لەپێناو ئەوەی جارێكی تر لە كۆنگرە بە ئەندامی سەركردایەتیی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵبژێردرێنەوە".
جەختیشیكردەوە "لیستەكە لە دژی باڵ یان كەسایەتییەكی تر دروستكراوە كە لە ناوچەكانی تردا دەنگی زۆری هێناوە"، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بدات.
هاوكات سەرچاوەیەكی تر، كە لێپرسراوێتی هەیە لە مەڵبەندی كەركوك، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "رێككەوتن هەبووە و چەند سەركردەیەك لەو پرسە تێوەگلاون، هەندێك خەڵكی دڵسۆزی یەكێتی كە باوەڕیان بە باڵ و كوتلەگەرایی نییە، لە لیستێكی ئامادەكراو دورخراونەتەوە، چونكە ئەو كەسە دڵسۆزانە لەگەڵ پەیامەكەی مام جەلال دان و خەمی یەكێتییانە".
ئەو لێپرسراوەی كەركوك بەبێ ئەوەی ناوی ئەو سەركردانەی یەكێتی ببات، وتی "هەموو مەڵبەندی كەركوك دەزانن كێن و ناسراون، من خەمی یەكێتیی و خەڵكە دڵسۆزەكەمە، نەك ئەوەی كێ دەرچووە".
هەموو مەڵبەندی كەركوك دەزانن كێن و ناسراون، من خەمی یەكێتیی و خەڵكە دڵسۆزەكەمە، نەك ئەوەی كێ دەرچووە
بەپێی لیستێك كە بەر لە تەواوبونی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی مەڵبەندی كەركوك، بە (كەركوك ناو) دراوە، ژمارەی 130 كاندید بەبێ ناوەكانیان دیاریكراون. یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، وتی "ئەمە لیستە ئامادەكراوەكەیە".
لە ئەنجامە نافەرمییەكانیشدا ئەو 124 كەسەی دەرچون ناویان لەو 130 كاندیدەدایە كە لەناو لیستەكەدابون.
كاندیدە دەرنەچووەكان و بەشێك لەو لێپرسراوانەی مەڵبەندی كەركوك، كە ناڕازین لە كۆنفرانسی مەڵبەند، هێشتا بەشێوەی رەسمی ناڕەزاییەكانیان گەڵاڵە نەكردووە، بەڵام بەگشتی جەختیانكردەوە كە بێدەنگ نابن و هەڵوێستیان دەبێت.
رزگار عهلی، سهرۆكی دهزگای ههڵبژاردنی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ سێشەممە، رایگەیاند "تائێستا جیاكردنهوهی دهنگهكان لهچهند مهڵبهندێك بهردهوامیی ههیهو لهدوای پێشكهشكردنی ناوی كاندیده دهرچوهكان له لایهن مهڵبهندهكانهوه بۆ دهزگای ههڵبژاردن، تهنها 24 سهعات كات دهدرێت به كاندیدهكان بۆ ئهوهی ئهگهر تانهیان ههیه تانه بگرن".
بەر لە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی ئاسمانی رووداو-دا، لەبارەی کۆنفرانسەکانی یەکێتی پێش کۆنگرە، وتی "پارە رشتن لە کۆنفرانسی کۆمیتەکاندا هەبوو. پارە بۆ کڕینی ویژدانی کادیرەکانی یەکێتی دەدرێت".
كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی تر، بەشێوەیەكی گشتی كۆتایی هات و بەپێی ئەنجامە نافەرمییەكان، باڵی ماڵی تاڵەبانی لە سنوری مەڵبەندەكانی سلێمانی، لەگەڵ مەڵبەندی سۆران و حەمرین زۆرینەی دەنگەكانیان هێناوە، باڵی كۆسرەت رەسوڵ لە هەولێر زیاتر لەسەدا 70ی دەنگەكان و باڵی كەركوكییەكانیش لە كەركوك یەكەم بون.
بڕیارەی 21ی ئەم مانگە، كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەڕێوەبچێت و هێشتا رێككەوتنی پێشوەختە بۆ كۆنگرە نەكراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دراوە بە (كەركوك ناو)، لە كۆنگرەی یەكێتیدا سكرتێری حزب نامێنێت، لەبری ئەو سەرۆك دادەنرێت و لەئێستادا گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن سەرۆك سێ یان چوار جێگری هەبێت.
(كەركوك ناو)، هەوڵیدا لەگەڵ لێپرسراوانی تری مەڵبەندی كەركوك قسە بكات، بەڵام بەبیانوی سەرقاڵییان بە كۆنفرانسەكانەوە جەختیانكردەوە كە كاتیان نییە بۆ لێدوانی رۆژنامەوانی.