پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نەبون
15 حانوتی تری خوێندنگەكانی كەركوك داخران

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2019/ داخستنی حانوتی خوێندنگەیەك بەهۆی پابەندەنەبون بە بڕیارەكانی پەروەردە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هۆبەى ژینگە و تەندروستى قوتابخانەکان، بڕیاریدا بە داخستنی 15 حانوتی تری خوێندنگەكانی كەركوك، بەهۆی پابەندنەبونیان بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە.

عەدنان عەزیز، لێپرسراوی هۆبەى ژینگە و تەندروستى قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى  پەروەردەى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا 15 حانوتی خوێندنگەكانمان داخستووە، بە خوێندنی عەرەبی، كوردیی و توركمانییەوە، ئەو خوێندنگایانە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نەبون".

بەپێی رێنماییە تەندروستییەكانی هۆبەی ژینگە و تەندروستی قوتابخانەكان، جبس، خواردنەوەى مادە وزەبەخشەکان لەوانە تایگەر، هەروەها شەربەت، بنێشت، فەلافل، سۆسەچ، هەمبەرگر و فەلافل لە حانوتی خوێندنگەكان رێگەپێدراو نییە، بەڵام بەشێك لە خوێندنگەكان پابەند نەبون.

عەدنان وتی "تەنانەت دروستكردنی خواردن لەناو حانوت قەدەغەیە، بەڵام خوێندنگەكان پێوەی پابەندنەبون".

تەنانەت دروستكردنی خواردن لەناو حانوت قەدەغەیە، بەڵام خوێندنگەكان پێوەی پابەندنەبون

هەریەكە لە دواناوەندى سەگرمەى کوڕان، دواناوەندى هەورامان کچان، دواناوەندى چوار چرا، ئامادەى کانیاو، ئامادەى ئەحمەدى خانى، ئامادەیى گزنگ، ئامادەیى بابا گوڕگوڕ، ئامادەیى خانزاد، سەرەتایى شەوبۆ، ژیلوان، ئەسیرى، لەگەڵ دواناوەندى یەقزەى کچان و یەك دوو خوێندنگەی تر حانوتەكانیان داخراون.

ئەو خوێندنگەیانە جگە لە فرۆشتنی لەفە و فینگەر كە رێپێدراو نییە، خواردنی تریان بە نرخی "زۆر گران" فرۆشتووە، وەك عەدنان عەزیز وتی.

hanutt

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2019/ لیژنەی هۆبەی ژینگە و تەندروستی قوتابخانەكان لەكاتی پشكنین بۆ خۆراكی حانوتێك فۆتۆ: راگەیاندنی پەروەردە

ئەو خوێندنگایانەی پابەندی رێنماییەكان نابن، سەرەتا بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێن لەگەڵ 50 هەزار دینار وەك سزا.

جاری دووەم كە دەكرێنەوە، لیژنەكانی پەروەردە و تەندروستی جارێكی تر سەردانیان دەكەنەوە و ئەگەر هەر پابەند نەبن حانوتەكانیان لێ دەسەنرێتەوە و ئەو بڕە پارەیەی وەكو پێشەكی داویانە پێیاننادرێتەوە.

لەگەڵئەوەشدا پەروەردەی كەركوك، سزای ئاگاداركردنەوە بۆ بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایانە دەنرێت.

لە ئێستادا بەڕێوەبەری خوێندنگەكانی سەلام، نەبى یونس و شەهبا، بەسزادان ئاگاداركراونەتەوە.

عەدنان عەزیز وتی "لیستی دووەمی ئاگاداركردنەوە بۆ بۆ خوێندنگەكانی سەگرمە، هەورامان، چوار چرا، ئەحمەدى خانى، گزنگ، بابا گوڕگوڕ، خانزاد، شەوبۆ، ژیلوان، ئەسیریى و کانیاو ئامادەكراوە".

وتیشی "ئەگەر بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دوای ئاگاداركردنەوە پابەند نەبن، ئەوا بە دروخستنەوە سزادەدرێن"

لە مانگی تشرینی دووەمیشدا، حانوتی نۆ خوێندنگەی تر داخران.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT