ساڵانه‌ سه‌دان ته‌ن خراپ ده‌بن
كه‌ركوك نیوه‌ی گه‌نمه‌شامی عیراق دابینده‌كات

كه‌ركوك، خراپ بونی به‌رهه‌می گه‌نمه‌شامی به‌شێك له‌ جوتیارانی كه‌ركوك به‌هۆی بارانبارین و نه‌بونی شوێنی هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌كه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

جوتیارانی كه‌ركوك، ساڵانه‌ نیوه‌ی پێداویستی ناوخۆیی عیراق له‌ گه‌نمه‌شامی پڕده‌كه‌نه‌وه‌ و هێشتاش به‌هۆی نه‌بونی شوێنی تایبه‌ته‌وه‌ سه‌دان ته‌ن خراپ ده‌بن، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی له‌ پلانیدایه‌ رێژه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ زیاتر بكات.

روبه‌ری چێنراو به‌ گه‌نمه‌شامی له‌ پارێزگای كه‌ركوك، ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار دۆنم و له‌ سه‌روو پلانی بڕیارلێدراوه‌وه‌یه‌، به‌وه‌ش سنوره‌كه‌ له‌ پله‌ی یه‌كه‌می به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌دایه‌.

نەعیم عەبدوڵا، جوتیاری كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "نزیكەی 50 دۆنم گەنمەشامیم چاندووە، كە نزیكه‌ی 55 تۆن بەرهەمیی ده‌بێت، بەڵام به‌ هۆی زۆری بارانبارین و نه‌بونی شوێنی هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌مه‌كه‌وه‌ تەنیا توانیومە 30 تۆن به‌رهه‌مبهێنم و ئه‌وانیتر بۆگه‌نیان كردووه‌ و خراپ بون".

هه‌ر تۆنێك گه‌نمه‌شامی، به‌وته‌ی نه‌عیم نرخی له‌ 60 هه‌زار دیناردا بووه‌ و به‌هۆی گۆڕانكاری له‌ پلانی وه‌رگرتنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌دا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، نرخه‌كه‌ی بۆ 90 هه‌زار دینار به‌رزبۆته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق، بڕیارداوه‌ به‌ زیادكردنی وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمه‌شامی، كه‌ جێی ره‌خنه‌ی جوتیاران بوو له‌ ساڵانی رابردودا.

kongraykshtukall
كه‌ركوك، كانونی یه‌كه‌می 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی لێپرسراوانی كشتوكاڵ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گه‌نمه‌شامی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

زوهێر عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی كه‌ركوك پێنجشه‌ممه‌ 12ی كانونی یه‌كه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، وتی "رێژەی گەنمەشامی لە كەركوك سەدا 50 رێژەی عیراقی پڕكردۆتەوە، وەزارەتیش پلانێكی داناوە بۆ وەرگرتنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌رێی كۆمپانیای حكومییه‌وه‌، بۆیه‌ دڵنیایی دەدەینە جوتیاران كه‌ بەرهەمەكانیان وه‌رده‌گیرێت".

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشدا به‌هۆی نه‌بونی شوێنی پێویست و دره‌نگ وه‌گرتنی به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار ته‌ن گه‌نمه‌شامی كه‌ركوك خراپ بون.

نەسیم عه‌ره‌ب عەبدوڵا، بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای (مابین نه‌هره‌ین) سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی "كۆمپانیاكەمان چەند كارگەیەكی هەیە لە شاری كەركوك و به‌ كردنەوەی گۆڕەپانی فرۆكەخانەی زباع دەتوانین ڕۆژانە بڕی 800 تۆن گەنمەشامی وەربگرین".

ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ له‌ ناحیه‌ی ره‌شاد كراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ كارگه‌كانی تازه‌ و حه‌ویجه‌دا به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گه‌نمه‌شامی وه‌رده‌گرن.

عه‌بدوڵا رونیكرده‌وه‌ كه‌ گه‌نمه‌شامی پێویستی بە زەویەكی زۆرە بۆ هەڵگرتنی، به‌ مه‌رجێك به‌رزی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ نه‌گاته‌ 50 سانتیمه‌تر، تا بۆگه‌ن نه‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا؛ "هاوكاری شاری كەركوك دەكەین بەوپێیەی یەكەمین پارێزگا بوو لەسەر ئاستی عیراق گەنمەشامییان چاند و بەرهەمیان هێنا".

كۆمپانیای (مابین نه‌هرێن)، به‌رپرسه‌ له‌ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نم و جۆ و گه‌نمه‌شامی له‌ جوتیاران، تا له‌ كۆگاكاندا بپارێزرێن و دواتر ره‌وانه‌ی كارگه‌كان بكرێن.

پارێزگای كه‌ركوك، به‌ر له‌ هێرشی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا، له‌ گرنگترین ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كان بوو، به‌رهه‌مه‌كانی هه‌نارده‌ی پارێزگاكانی باشور و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ده‌كرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT