دوای دوو هەفتە لە سستی بەڕێوەچونی دەوام و بایكۆتی خوێندن لە زانكۆی كەركوك، لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە دەوام ئاساییبۆتەوە و زۆرینەی خوێندكاران گەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن.
3ی كانونی یەكەم، خوێندكارانی زانكۆی كەركوك هۆڵەكانی خوێندنیان جێهێشت و گردبونەوەیەكی فراوانیان لەبەردەم زانكۆ ئەنجامدا لەو كاتەوە دەوامی خوێندكاران سست بوو و زۆرینەی خوێندكاران بایكۆتیان راگەیاند.
محەمەد دەروێش، خوێندکاری بەشی پەرستیاری لە بەشی ئێوارانی زانکۆی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەك پاڵپشتیی و هاوسۆزییەك بۆ خوێندكارانی زانكۆكانی عیراق، خوێندكارانی كەركوكیش گردبونەوە و دواتر بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد".
وتیشی "بەگشتی زۆرێك لە خوێندكاران دوو هەفتەیە نەگەڕاونەتەوە خوێندن، خوێندكارمان هەبوو 14 رۆژ نەهاتەوە، هیچ لێپرسینەوەیەكیشی لەگەڵدا نەكرا".
بەگشتی زۆرێك لە خوێندكاران دوو هەفتەیە نەگەڕاونەتەوە خوێندن
"من خۆم رۆژ نا رۆژی دەهاتمەوە دەوام، وانەكانیش بەباشی ناوترایەوە، هەندێك كەس دەیانوت ئەمساڵ دەوام ناكرێت و خوێندن هەژمارناكرێت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خوێندكاران نەیەن بۆ دەوام".
بەڵام ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی كانونی یەكەم، بەگشتی خوێندن ئاسایی بۆوە و وانەكان بەباشی دەوترانەوە.
لە ماوەی ئەو 14 رۆژەدا، سەرۆكایەتی زانكۆ هیچ لێپرسینەوەیەكی لە خوێندكاران نەكرد و تەنانەت ئەو رۆژانەش بە نەهاتوو هەژمارنەكران.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بڕیارەكانی سەرۆكایەتی زانكۆ، بۆ (كەركوك ناو)، وتی "هەموو مامۆستاكان دەچونە زانكۆ و وانە دەوترایەوە، ئەو خوێندكارنەشی نەدەهاتن، لیپرسینەوەیان لەگەڵدا نەكرا".
بەڵام رۆکان ئەرسەلان، خوێندکاری كۆلێژی یاسا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو ماوەیە كۆلێژی یاسا بە تەواوی بایكۆتی كرد، بچونایە و نەچونایە، هەر وانە نەدەوترایەوە".