دەیان وانەبێژی شاری كەركوك لە خۆپیشاندانێكدا داوادەكەن، بە زوترین كات ناوی دامەزرێنراوان رابگەیەنرێت، بۆ ئەوەش پشت بەو خاڵانە ببەسترێت كە وەزارەتی پەروەردە دیاریكردووە.
ئەو وانەبێژانە، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی كانونی یەكەم لەبەردەم بینای پەروەردەی كەركوك گردبونەوە و چەند داواكارییەكیان خستەڕوو.
شەزە عەلى، یەكێك لەو وانەبێژانەی لە خۆپیشاندانەكەدا بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "10 ساڵە زانكۆم تەواوكردووە و چاوەڕوانی دامەزراندنم، ئێستا بەهۆى حزبایەتیی و نەتەوایەتییەوە کێشە دەخەنە نێو دامەزراندنەکەمان، داواکارین دامەزراندن بەپێی خاڵەکان بێت كە وەزارەت دیاریكردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە دادپەروەری بڕوات بەڕێوە".
بڕوانامە، ساڵی دەرچون، باری خێزانی، منداڵ، تێكڕای نمرەی دەرچون و كەسوكاری شەهید و زیندانیانی سیاسیی، لەگەڵ وانەبێژ، بۆ دامەزراندنەكە خاڵی لەسەرە.
"من ئێستا خاوەنی 32 خاڵم و مافی ئەوەم هەیە دابمەزرێم، خێزاندارم و هاوسەرەكەم خاوەن پێداویستی تایبەتە"، شەزە زیاتر وتی "ئێمە دەمانەوێت حزبایەتیی و نەتەوە و ئایین لەبەرچاو نەگیرێت و بەپێی ئەو خاڵبەندییانە بێت كە وەزارەت دایناوە".
دەمانەوێت حزبایەتیی و نەتەوە و ئایین لەبەرچاو نەگیرێت
مەتەر حەمود، یەكێكی ترە لە خۆپیشاندەران، وتی "پێنج ساڵە بەخۆڕایی وانە دەڵێمەوە و بە ئۆتۆمبێلى خۆم هاتوچۆ دەكەم، بەڵام ئێستا بە ناوی حزبایەتیی و نەتەوەوە دەیانەوێت کەسانى دیکە لە شوێنەکەمان دابمەزرێنن، بەهیچ شێوەیەک رازى نابین و بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان".
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له 27ی ئاب به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستیپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه پڕكرده‌وه، كه سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه، به‌ڵام هێشتا ناوه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندراون.
هەفتەی رابردوو، حسێن عه‌بد عه‌لی توعمه، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك حەشدی شەعبی بە هۆكاری دواخستنی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان تۆمەتباركرد، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بەڵام هەینی رابروو داوای لێبوردنی له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كرد.
عەبدوسەلام بەیرەقدار، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى کەرکوک بۆ کاروبارى کارگێڕى، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی كانونی یەكەم، بە خۆپیشاندەرانی وت "هەفتەى پێشوو لیستى ناوى وانەبێژ و گرێبەستە وەزارییەکانمان رەوانەى وەزارەت کردووە و لە ماوەى ئەم دوو رۆژەدا ناوەکان رادەگەیەنین".
لەبارەی ترسی خۆپیشاندەران لەوەی خاڵەكانی وەزارەت بۆ دامەزراندنەكە رچاونەكرێت، عەبدوسەلام بەیرەقدار وتی "هەندێک لایەن هەیە دەیانەوێت دامەزراندنەكە بەشبکرێت و هەندێک لایەنی تریش نایانەوێت، بەڵام وەزارەتى پەروەردەى خاوەن بڕیارى یەکەم و کۆتاییە".