خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك: رۆژی ئاڵا یاد ناكه‌ینه‌وه‌ تا توشی كێشه‌ نه‌بین

كه‌ركوك، 17ی كانونی یه‌كه‌می 2019، یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنی كوردی له‌ خوێندنگه‌یه‌كدا یادی رۆژی ئاڵای كرده‌وه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

خوێندنی كوردی له‌ پارێزگای كه‌ركوك، بڕیاریداوه‌ به‌ فه‌رمی یادی رۆژی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان نه‌كاته‌وه‌، تا مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌كان روبه‌ڕوی كێشه‌ نه‌بنه‌وه‌.

به‌بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان، 17-12ی هه‌موو ساڵێك، رۆژی ئاڵایه‌ و له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كاندا، به‌ خوێندنگه‌كانیشه‌وه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی سرودی نیشتمانی و ئاهه‌نگه‌وه‌ ئه‌و یاده‌ ده‌كرێته‌وه‌.

شێرزاد ره‌شید كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بارودۆخه‌كه‌ رێگه‌ به‌وه‌ نادات یادی رۆژی ئاڵا بكه‌ینه‌وه‌ و وه‌ك خوێندنی كوردی بڕیارمان نه‌داوه‌ مه‌راسیم بۆ ئه‌و رۆژه‌ بكه‌ین".

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئه‌و جۆره‌ چالاكییانه‌ به‌ فه‌رمی رێگه‌پێدراو نییه‌ و ئێمه‌ش نامانه‌وێت مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌كان به‌وهۆیه‌وه‌ توشی كێشه‌ بن".

له‌ دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆمه‌وه‌، ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌، باره‌گا و شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك لێكراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا رێگه‌ به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای عیراق ده‌درێت.

ala
كه‌ركوك/20ی ئازاری 2017/ كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز له‌سه‌ر قه‌ڵای دێرینی شاره‌كه‌ و هه‌ڵكردنی هه‌ردوو ئاڵای عیراق و هه‌رێمی كوردستان پێكه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی كانونی یه‌كه‌م، له‌ خوێندنگه‌ی چراخانی سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاو له‌ كه‌ركوك، یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ خوێندنی كوردی، سه‌ربه‌خۆیانه‌ و تاكلایه‌نه‌ یادی رۆژی ئاڵایان كرده‌وه‌.

په‌روین فاتیح، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنی كوردی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كه‌ دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی كوردی بڕیاری نه‌داوه‌ ئه‌و بۆنه‌یه‌ یاد بكاته‌وه‌، ئه‌وان هه‌ستاون به‌ ئه‌نجامدانی مه‌راسیمێك، ئه‌وه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ته‌نیا له‌ یه‌ك خوێندنگه‌دا بووه‌.

له‌ خوێندنگه‌كانی تری شاری كه‌ركوك، به‌وته‌ی په‌روین، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان سه‌رپشك كراون له‌ جێی وانه‌ی یه‌كه‌م یادی رۆژی ئاڵا بكه‌نه‌وه‌.

پێشتر و له‌ 28ی ئازاری 2017دا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ كورد زۆرینه بوو تیایدا بڕیاریدا به‌ ‌هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌واوی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی شاره‌كه‌دا، به‌ڵام دادگای كارگێڕی به‌غدا و په‌رله‌مانی عیراق ئه‌وكات بڕیاره‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ 2009وه‌ رۆژی ئاڵای داناوه‌، له‌ ساڵی 1999ـیشه‌وه‌ شێوه‌ و ره‌مزه‌كانی ئاڵاكه‌ی دیاریكردووه‌، كه‌ له‌ ره‌نگه‌كانی سوور، سپی و سه‌وز پێكدێت، وێنەی‌ خۆرێكی‌ تێدایه‌.

بەپێی‌ یاساكە رەنگی‌ سوور ئاماژەیە بۆ خوێنی‌ شەهیدانی‌ بزووتنەوەی‌ كوردستان‌، رەنگی‌ سپی ئاماژەی‌ ئاشتی ‌‌و پێكەوەژیان، رەنگی‌ سەوزیش بە مانای‌ خێر و داهاتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT