لە پاڵ هەریەكە لە رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند و رزگار عەلی، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیی و لاهور شێخ جەنگی، لەسەر بازنەی كەركوك خۆیان كاندید كردووە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی، بەوەش كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگی یەكەمی كۆنگرەی یەكێتی گەرمدەبێت.
بەپێی ریزبەندی ناوی كاندیدەكان رەفعەت عەبدوڵا ژمارە یەك و ئاسۆ مامەند ژمارە دوو، دوای ئەوانیش رزگار عەلی ژمارە سێ، بافڵ تاڵەبانی ژمارە چوار و لاهور شێخ جەنگی ژمارە پێنج. بڕیارە كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ شەممە كۆنگرەی یەكێتی لە هۆڵی پیشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە بەڕێوەبچێت.
پشكی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەم، 124 ئەندامە، كە زۆرترینە بە بەراورد بە ناوچەكانی تر، بۆ ئەوەش دەنگی ئەو حزبە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كراوەتە پێوەر.
لەپاڵ ئەو سەركردانەی یەكێتی، چەند ناوێكی دیاری تری ئەو حزبە لە هەمان بازنەی كەركوك خۆیان كاندید كردووە، ئەوانیش خالید شوانی، رێبوار تەها، ئاڵا تاڵەبانی و جەلال شێخ كەریم.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەگەری زۆری هەیە كۆنگرە یەك رۆژ بخایەنێت و هەر ئەمڕۆ پەیڕەوی پێشنیازكراو پەسەند بكرێت، لەگەڵ هەڵبژاردنی 121 كەس وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی حزب.
ئەمە چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، هەروەها یەكەمین كۆنگرەی ئەو حزبەیە لەدوای كۆچیی دوایی جەلاڵ تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردوو.
بڕیارە، هەر ئەمڕۆ شەممە 21ی كانونی یەكەم، کۆسرهت رهسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی حزب، وهکو سهرۆکى قهوارهى یهکێتیى و ئهنجومهنى دانایان ههڵبژێردرێت و ئەگەری هەیە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی ئێستای حزب ببنە ئەندام لە ئەنجومەنی دانایان.
هێنانی دەنگی پێویست بۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی، لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگا و قەزاكانە، بەو پێیە كاندیدی ناوچە و پارێزگاكانی تر هیچ كاریگەرییان نییە لەسەر ناوچەیەكی تر.
پێشتر (كەركوك ناو) لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە سەركردایەتی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێداگریی دەكەن لە بەدەستهێنانی یەكێك لە جێگر یان یاریدەدەرانی سەرۆكی حزب.