كوشتنی سێ براكەی ناحیەی جەلەولا بەدەستی ئامۆزایەكیان، بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەی كۆمەڵایەتی نێوانیانەوە بووە. دوای ئەوەی ئامادەنەبون خوشكەكەیان بەو ئامۆزایەیان بدەن.
روداوەكە، كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی هەینی 20ی كانونی یەكەم بوو، كاتێك كەسێك بە چەك هەڵدەكوتێتە سەر سێ ئامۆزای خۆیی و دەیانكوژێت.
نەجم عەبدوڵا، خزمی ئەو دوو بنەماڵەیە كە لە گوندی فەرەج سەر بە ناحیەی جەلەولا نیشتەجێن، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ئێوارەی رۆژی پێشوترەوە شەڕ و دەمەقاڵێیان بوو، كێشەكەیان ئەوەیە ئەو سێ برایە سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان بەو ئامۆزایەیان دابوو كە خوشكەكەیانی پێبدەن، بەڵام دواتر پەشیمان بونەوە".
كێشەكەیان ئەوەیە ئەو سێ برایە سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان بەو ئامۆزایەیان دابوو كە خوشكەكەیانی پێبدەن، بەڵام دواتر پەشیمان بونەوە
"ئەم بەیانییە، كوڕی مامەكەیان بە چەك هێرشیكردنە سەر و تەقەی لێكردن، سەرەتا دوانی لێكوشتن، دواتر بە چەك لەگەڵ برایەكی تریان روبەڕوبۆوە و ئەویشی كوشت و خۆیشی برینداربوو". نەجم عەبدڵا وایوت.
بكوژەكە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعقوبە – مەڵبەندی پارێزگای دیالە- و كوژراوەكانیش لە هەمان گوند بەخاكسپێردران.
ئەو كێشەیە ماوەیەكە بەردەوامە و كەیسەكەیان لە دادگا بوو و بەهۆیەوە ئەو سێ برایە و ئامۆزاكەیان دەستگیركرابون.
بەڵام دوای رازی بونی سێ براكە بە مارەكردنی خوشكەكەیان لەو ئامۆزایەیان، 10 رۆژ لەمەوبەر ئازادكران.
نەجم عەبدوڵا وتی "ئەوكاتەی لەزیندان بون خوشكەكەیان لەو ئامۆزایەیان ماركرد، دواتر پەشیمان بونەوە و ئەمەی لێكەوتەوە".
یەعقوب یوسف مەلا عەلى، بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو بنەماڵەیە عەرەبن. تەنانەت لەناو یەك خانودا دەژین و یەک دەرگایان هەیە، دیوارى حەوشەیان جیا نییە، كێشەی پێنەدانی خوشكەكەیان بەو كوڕە ئەم شەڕەی لێكەوتۆتەوە".
وتیشی "بكوژەكە، پێنەدانی كچەكەی بە سوكایەتیی زانیوە و بۆیە هەڕەشەییان لەیەك كردووە".