زیاتر له سێ هه‌زار گه‌نجی كه‌ركوك، موچه‌ی بێكاری وه‌رده‌گرن بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك و دواتر ده‌توانن قه‌رز وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ش به‌بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق.
له پارێزگای كه‌ركوك، له 10ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستیپێكرد بۆ وه‌رگرتنی موچه‌ی بێكاری و تا 24ی هه‌مان مانگ پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بوو، ئه‌وه‌ش له‌ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
جومعه محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کار‌و کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه، ئه‌وانه‌ی مه‌رجه‌كانیان تێدایه به هه‌شت قۆناغ ناوه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه، تائێستا شه‌ش وه‌جبه ناو گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ته‌نیا ئه‌وه ماوه پاره وه‌ربگرن".
له مه‌رجه‌كانی پێدانی ئه‌و موچه‌یه؛ ده‌بێت ته‌مه‌نیان له 18 ساڵی كه‌متر و له 30 ساڵی زیاتر نه‌بێت، پێویسته له سێ مانگدا به‌شداربوان كارێك بدۆزنه‌وه یان له‌رێی قه‌رزێكی بچوكه‌وه كارێكی تایبه‌ت به‌خۆی دابمه‌زرێنێت، دواتریش ئه‌و قه‌رزه له ماوه‌ی پێنج ساڵدا بداته‌وه به حكومه‌ت، چه‌ند بنه‌مایه‌كیش له‌به‌رچاو ده‌گیرێن له‌وانه باری خێزانی و ژماره‌ی منداڵ.
"له‌و موچه‌ی بێكارییه زیاتر له سێ هه‌زار كه‌س له كه‌ركوك سودمه‌ند ده‌بن و دواتریش ده‌توانن قه‌رز وه‌ربگرن بۆ پرۆژه" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
موچه‌ی بێكاری، بڕه‌كه‌ی 175 هه‌زار دیناره و ته‌نیا بۆ سێ مانگه.
سارا قادر (28 ساڵ)، ده‌رچوی كۆلێژی ئه‌ندازیاری نه‌وت به‌شی جیۆلۆجییه و تائێستا دانه‌مه‌زراوه، بۆیه فۆڕمی بێكاری پڕكردۆته‌وه و پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دڵنیام ناوه‌كه‌م ناگه‌ڕێته‌وه و له‌و موچه‌یه سودمه‌ند نابم".
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له شاری كه‌ركوك، هه‌زاران كه‌س فۆڕمی وه‌رگرتنی ئه‌و موچه‌یه‌یان پڕكردۆته‌وه و چاوه‌ڕوانن لێی سودمه‌ندبن.
جومعە محەمەد ئەمین ده‌ڵێت ئێستا هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵه له فۆڕم و زانیارییه‌كانیشدا هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانێت هه‌ڵه‌كان چاكبكاته‌وه و دوباره خۆی تۆماربكاتهوه.
ته‌رخانكردنی ئه‌و موچه‌یه، له تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ركرا بۆ 150 هه‌زار گه‌نجی بێكار له ته‌واوی پارێزگاكانی عیراقدا، ئه‌وه‌ش دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر هات، كه به‌هۆیه‌وه تائێستا زیاتر له 450 كه‌س كوژران و هه‌زارانی تر برینداربون، به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عیراق.