لەژێر فشاری توركماندا
راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان جارێكی دواخرا

كەركوك/26ی كانونی یەكەمی 2019/خۆپیشاندانی لایەنگرانی توركمان لەبەردەم پەروەردە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی توركماندا، پەروەردەی كەركوك راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوانی بۆ جارێكی تر دواخست، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە بەغدایە و ناوەی دامەزرێنراوان رادەستی وەزیر كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی كانونی یەكەم، ژمارەیەك لە لایەنگرانی توركمان لە بەردەم پەروەردەی كەركوك كۆبونەوە و دوو داواكارییان خستەڕوو لە نێویاندا جێگیركردنی پشكی لەسەدا 32 بۆ دامەزراندن لەنێوان هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی شارەكە، كورد، عەرەب و توركمان، لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكی بێلایەن و دەستپاك لە بەغداوە بۆ وردبینیكردن لەناوی دامەزرێنراوان.

یەكێك لە خۆپیشاندەران، كە بە ئاڵایەكی بەرەی توركمانییەوە لە راستەوخۆیەكی (كەركوك ناو)دا بە كوردی قسەی كرد، وتی "هاتوین داوای مافی هەموو پێكهاتەكان دەكەین، پەروەردەی كەركوك بۆ لایەنێكی دیاریكراو ئیشدەكات. بۆیە داوا لە كورد، عەرەب، توركمان و كلدو ئاشوری دەكەین، ئەم غەدرە قبوڵنەكەن".

وتیشی "ئێمە بۆ یەك نەتەوە نەهاتوینەتە سەر شەقام، داوای مافی هەمووان دەكەین".

"نەخێر بۆ گەندەڵیی و ساختەكاری"، لە دروشمی خۆپیشاندەران بوو لەبەردەم پەروەردە.

ئەو خۆپیشاندانە لەسەر داوای سەركردایەتی بەرەی توركمانی بوو، كە تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی پێویستە مافی توركمان لە دامەزراندندا بەڕێژەی لەسەدا 32 جێگیربكرێت.

عەبدولسەلام سەمەد بەیرەقدار، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە بۆ كاروباری كارگێڕی، لەناو خۆپیشاندەراندا، دواخستنی ناوی دامەزرێنراوانی بۆ جارێكی تر راگەیاند و وتی "تائێستا رێككەوتن نەكراوە لەسەر ناوی دامەزرێنراوان، رەنگە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بۆیە راگەیاندنی ناوەكانمان دواخستووە بۆ ساڵی نوێ".

وتیشی "هەندك لایەن داوای پشكپشكێنە دەكەن، هەندێكی تریش لەگەڵ ئەو داوایەدا نین... پرسەكە رەوانەی وەزارەتی پەروەردە كراوە، ئەوانیش لە دوێنێوە كۆبونەوەی لەسەر دەكەن".

بۆ ئەو مەبەستەش عەبد عەلی توعمە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، لە ئێستادا لە بەغدایە.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك وتی "تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە لە پرۆسەی دامەزراندن و پرۆسەكەش هەڵنەوەشاوەتەوە".

ژنێكی بەشداربوی خۆپیشاندانەكان، لە لایڤێكی (كەركوك ناو)دا، وتی "لەساڵی نەوەدەكانەوە پەیمانگەم تەواوكردووە و لە ساڵی 2007ەوە هەتا 2011  وەكو وانەبێژی خۆبەخش لە خوێندنگە توركمانییەكان وانەم وتۆتەوە، بەڵام كاتێك كە دەرچوی پەیمانگە و زانكۆكان زۆربون، وتیان وەكو نوسەر و فەرمانبەر بمێنەوە، بەبێ ئەوەی حكومەت هیچ گرێبەست و موچەیەكمان پێبدات، ئێستا پێماوایە مافی ئێمەیە دابمەزرێین، چونكە 25 خاڵم هەیە، بەڵام پەروەردە دەڵێت دامەزراندن بۆ مامۆستایانە نەك فەرمانبەر و نوسەر".

وتیشی "دەبێت پەروەردە پرۆسەی دامەزراندنەكە هەڵبوشێنێتەوە و لیژنەیەكی باڵای دەستپاك لە بەغداوە سەرپەرشتی دامەزراندنەكە بكات".

دەبێت پەروەردە پرۆسەی دامەزراندنەكە هەڵبوشێنێتەوە

دواخستنی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان، دوای خۆپیشاندانی لایەنگرانی توركمان هات لەبەردەم پەروەردە، هەرچەندە دوشه‌ممه‌ 23ی كانونی یه‌كه‌م، عه‌بد عه‌لی توعمه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌واوی كاره‌كانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندن ته‌واو بووه‌ و پێنجشه‌ممه‌ ناوه‌كان راده‌گه‌یه‌نین".

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئاب به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ پڕكرده‌وه‌، كه‌ سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه‌، به‌ پێی خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامه‌زرێنراوان هه‌ڵده‌بژێردرێن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT