هێزە عیراقییەكان لە چەند قۆڵێكەوە ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان دەستیپێكردووە، بە ئامانجی دەستگیركردنی داواكراوان و نەهێشتنی پاشماوە و مۆڵگەكانی داعش. ئۆپەراسیۆنەكە بەشێكی پارێزگای سەڵاحەدین دەگرێتەوە و بڕیارە تا رۆژئاوای كەركوك بەردەوامی هەبێت.
ئەو ئۆپەراسیۆنە بەشێكە لە قۆناغی هەشتەمی "ئیرادەی سەركەوتن"، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی كانونی یەكەم، لە سێ قۆڵەوە لە قەزای دوزخورماتوو و بەرزاییەكانی چیای حەمرین دەستیپێكردووە و بەرەو باشوری كەركوك و لەوێوە بۆ رۆژئاوای هەمان پارێزگا.
فراس زوبەیدى، وتەبێژى هێزەكانی بەرپەرچدانەوەى خێرا لە قەزای دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە سنوری قەزای دوزخورماتوو، ئۆپەراسیۆنەكە لە سێ قۆڵەوە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە 72 كاتژمێر بخایەنێت، ئامانج لێی دۆزینەوەی پاشماوەكانی داعش و لەناوبردنیانە".
وتیشی "لەسنوری دوزخورماتوو تەنیا هێزەكانی ئێمە بەشدارییان كردووە، بڕیارە ئۆپەراسیۆنەكە حەوزەى حەمرین، ناوچەى زەرگەو ئامرلی بگرێتەوە".
فراس وتی "ئەم ناوچانە سەختن و هەموى ناوچەى شاخاویی و چۆڵن، شوێنی لەبارن بۆ خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش، بۆیە هێرش و شەڕكردن تیایاندا ئاسان نییە".
بەپێی راگەیەنراوێكی شانەی راگەیاندنی جەنگی، ئۆپەراسیۆنەكان لە پێنج قۆڵەوە و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوپا، لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵیی بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەدەچێت.
ئۆپەراسیۆنەكە بەگشتی لە قۆڵی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین تا لە رۆژانی داهاتودا دەگاتە رۆژئاوای كەركوك بەڕێوەدەچێت.
ئەو ئۆپەراسیۆنە فراوانە كە چەند رۆژێكە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت، هاوكات لەگەڵ زنجیرەیەك هێرش و پەلاماردان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان، كێڵگەكانی نەوت و دواترینیان هێرشی سەر سەربازگەی كەی وەن لە هەینی رابردوو.