هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک، هێشتا کۆتاییان نەهێناوە بە هەڵمەتی پشکنینی ماڵ بە ماڵ لە گەڕەکە جیاوازەکان، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی هێرشی توندوتیژیی لە دەرەوەی پارێزگاکە بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و هێزە ئەمنییەکان.
ئەو هەڵمەتە کە لە 15ی تشرینی دووەمەوە لەلایەن هێزەکانی لیوای 61ی تایبەت و سوپا دەستیپێکردووە، ئامانج لێی دۆزینەوەی کەسانی تۆمەتبار و لایەنگرانی داعش و چەک و تەقەمەنی بێ مۆڵەتە لە ماڵەکاندا. بەردەوامی هەڵمەتەکەش بۆتە جێی نیگەرانی هاوڵاتیان.
"ئێمە لەم شارە دەتوانین چی بکەین تا ئەوەی چەکمان لەماڵەوە بشارینەوە"، کابان ئەحمەد کە هەفتەی رابردوو ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانەوە پشکنرا وایوت.
ئەو وتی "من ئەم پشکنینە بە سوکایەتی دەزانم، ئەی بۆ ناچن لە گەڕەکە کوردییەکان پشکنین ئەنجام بدەن".
ماڵی کابان لە گەڕەکی باروتخانەی شاری کەرکوکە، لە ماوەی هەفتەی رابردودا دوو گەڕەک گەڕان و پشکنینی تێدا کراوە.
کابان وتی "هێزێکی زۆر بەجلی رەش و هەمەری سەربازییەوە کۆڵانەکەیان گرت و نەیانهێشت هیچ ئۆتۆمبێلێک هاتوچۆ بکات، ئێتر دەستیان کرد بە پشکنینی کۆڵانەکە و وتیان بەدوای چەکی بێ مۆڵەتدا دەگەڕێین".
هێزێکی زۆر بەجلی رەش و هەمەری سەربازییەوە کۆڵانەکەیان گرت و نەیانهێشت هیچ ئۆتۆمبێلێک هاتوچۆ بکات
ئهو ههڵمهته ئهمنییه، لهڕێی خشتهیهکی دیاریکراوهوه، ههر جاره و دهگاته یهکێک له گهڕهکهکانی ناوشار و پاڵپشت به زانیاری ههواڵگری بەڕێوەدەچێت.
بەڵێن سەلمان، دانیشتوی گەڕەکی پەنجا عەلی، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەم شارە ئەوەندەی سەربازی تیایە ئەوەندە کەسی مەدەنی تیانییە، سیمای سەربازی باڵی بەسەر شاردا کێشاوە، پێموابێت تەنیا بۆ چاوترساندنی کوردیانە، چونکە ئەوەندەی من ئاگاداربم زیاتر گەڕەکە کوردییەکان پشكنینی دەگرێتەوە".
بەڵام بەڵێن لەگەڵئەوەشدا وتی "لە پشکنینی ماڵەکاندا هێزە ئەمنییەکان باشن و مامەڵەیان گونجاوە".
لێپرسراوێكی ئەمنی كەركوك، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هەڵمەتەكە تایبەت نییە بۆ یەك دوو گەڕەك، هەموو ناوچەكان دەگرێتەوە، ئەگەر گەڕەکە کوردییەکان گلەیی دەكەن لەم هەڵمەتە، ئەوا ئێمەش دەڵێین گەڕەکە کوردییەکان بێ کێشەن لەڕوی ئەمنییەوە و نامانەوێت بەهۆی چەند کەسێکی خراپ و تاوانبارەوە ناوچەكەی ئەوانیش لە كۆنترۆڵ دەربچێت"،
زیاتر وتی "دەمانەوێت داواكراوان دەستگیربكەین و ئەوانەی گومانیان لەسەر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكەین، لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی چەكی بێ مۆڵەت".