بازرگانێك بە كیلۆیەك ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركرا

تەنیا لە ساڵی 2019دا 30 كەس لە خانەقین بەتۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون

لەیلا ئەحمەد

پۆلیسی دیالە، بازرگانێكی ماددە هۆشبەرەكانی دەستگیركرد، لەوكاتەی دەیویست یەك كیلۆ لەجۆری كریستاڵ رادەستی باندێكی ماددە هۆشبەرەكان بكات لە خانەقین.

ئەو بازرگانە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی كانونی یەكەم لەناو قەزای خانەقین دەستگیركرا و لەئێستادا بۆ پۆلیسی بەعقوبە گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا كە لێپرسراوێتی هەیە لە پۆلیسی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەیانی ئەمڕۆ پۆلیسى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى دیالە، پەیوەندییان پێوەكردین و باسی ئەوەیانكرد كە دێنە ناو خانەقین بۆ دەستگیركردنی كەسێك".

وتیشی "دیارە پێشتر زانیارییان لەسەر كەسێك پێدراوە، ئەو كەسە یەك كیلۆ ماددەی هۆشبەری لە جۆری كریستال پێبووە و بەماددە هۆشبەرەكەوە دەستگیركرا".

دەستگیركراوەكە خەڵكی دەرەوەی خانەقینە و رۆژی هەینی 27ی كانونی یەكەم، بە ماددە هۆشبەرەكەوە دەستگیركراوە و دانیبەوەداناوە كە بڕیاربووە رادەستی باندێكی فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەكانی بكات، ئەوەش هەر بەپێی سەرچاوەكەی پۆلیسی خانەقین كە جەختیكردەوە "ئێستا دۆسییەكەی لە خانەقین نییە".

سەرچاوەیەكی تر لە پۆلیسى نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی خانەقین، وتی "ئەوەی دەستگیركراوە كەسێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو بازرگانی ئەو ماددەیە بووە، لەئێستادا هەر خۆی دەستگیركراوە و زانیاری ترمان لەسەر نییە".

ئەوەی دەستگیركراوە كەسێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو بازرگانی ئەو ماددەیە بووە

تەنیا لە قەزای خانەقین و لە ماوەی ئەمساڵدا 30 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون، ئەوەش بەپێێ ئامارێكی پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی خانەقین.

هەردوو لێپرسراوەكەی پۆلیس، جەختیانكردەوە لەزیادبونی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان لە قەزای خانەقین لە ماوەی ئەمساڵداو بەراورد بە ساڵی رابردوو.

"خانەقین ناوچەیەكی سنورییە لەگەڵ ئێران و بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بە شارەكانی ناوەڕاست و خواروی عیراق، لەگەڵئەوەشدا نەتەوەی جیاوازی تیایە، ئەمەش بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ئەو ماددەیەی ئاسان كردووە"، سەرچاوەیەكی پۆلیسی خانەقین وایوت.

لە ماوەی ئەمساڵدا پۆلیس بە هاوكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەیان چالاكی هۆشیاركردنەوەی لەبارەی ماددە هۆشبەرەكانەوە رێكخستووە، تەنانەت لەناو خوێندنگەكانیش، بەڵام وەك پۆلیس دەڵێت حاڵەتەكان زیاتر بون.

پۆلیس دەڵێت دەستگیركراوان لە هەموو نەتەوەكانی تێدایە و زۆرینەی ئەوانەی دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە، پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ بازرگانانی ئێران.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT