ئەو كوڕ و باوكەی شەوی رابردوو لە كەركوك بەدەستڕێژی گولـلە كوژران، پێشتر بە تۆمەتی كوشتن دەستگیركرابون، بەڵام بەبڕیاری دادوەر ئازادكراون و هیچ تۆمەتێكیان بەسەردا ساغنەبۆتەوە.
کاتژمێر 10:40 خولەكی شەوی رابردوو 29ی كانونی یەكەم، دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كرۆنا كرا، بەهۆیەوە كوڕ و باوكێك دەستبەجێ كوژران و هاوژینەكانیان برینداربون.
بەپێی سەرچاوەیەكی پۆلیس بۆ (كەركوك ناو)، لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵەوە لە گەڕەكی حورییە تەقە لەو بنەماڵەیە كراوە و تەقەكەرەكان هەڵاتون.
سەرچاوەیەك لە بنەماڵەی كوژراوەكان، لە شوێنی روداوەكە و لەكاتی لێكۆڵینەوەی پۆلیسدا، ئەوەیان دركاند، كە ماوەیەك لەمەوبەر ئەو كوڕ و باوكە بەتۆمەتی كوشتن دەستگیركرابون، بەڵام بەبڕیاری دادوەر ئازادكرابون و لەو كەیسە بێ تاوان دەرچون.
سالم نوری (53ساڵ) و هەڵمەتی كوڕی (28ساڵ) لەو روداوە كوژراون، لەگەڵ برینداربونی هاوژینی هەردوكیان بەناوەكانی سۆزان و خاوەر.
ئەو كوڕ و باوكە كاسبن و تەقەكەرەكانیش هێشتا دەستگیرنەكراون.
بەپێی وتەی پۆلیس دۆسییە بۆ روداوەكە كراوەتەوە، بازگەكانی دەرەوەی شار ئاگاداركراونەتەوە بۆ دەستگیركردنیان.