عەمید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، دەستبەرداربونی خۆی لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان راگەیاند و هۆكارەكەی بۆ پشتگیرینەكردن و بێ بەڵێن بونی لێپرسراوانی ئەو حزبە گەڕاندەوە.
ئەفراسیاو كامیل، لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، كە ئاراستەی هەموو خزم، کەسوكار و هاوڕێیەكانی كردووە، نوسیویەتی "دوای ۳٤ ساڵ خەبات له ریزەکانی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، چ وەک رێکخستن، یان وەكو پێشمەرگە و برینداربون، هەروەها وەکو کوڕی شەهیدێکی فەرماندەی باڵی مەكتەبی سیاسی سنوری كەركوك و گەرمیان (كامل مەلا وەیسی)، دوای روبەڕوبونەوەی چەندین كێشەو گرفت و دروستبونی چەندین لاپەڕەی لێكۆڵینەوە و پشتگیرینەكردنم لەلایەن لێپرسراوانی یەكێتیی، بڕیاری وازهێنانمدا".
لەگەڵئەوەشدا دەڵێت "دوای دووساڵ له هاتن بۆ ماڵمان و بەڵێن پێدانم لەلایەن ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سنوری كەركوك و بێ بەڵێنیان ئەم بڕیارەمداوە".
ئەفراسیاو كە چەندین ساڵە لەسەر پشكی یەكێتی لەو پۆستەدایە، دەڵێت "لەمەودوا دەرگام داخراوە بەڕوی هەموو بەرپرسێك و تەنیا لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبم".