سەردار عەلی لە پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك لابرا و لەبری ئەو بەڕێوەبەرێكی نوێ دانرا. هاوكات لەگەڵ ئە گۆڕانكارییانەدا هێزێكی ئەمنی چواردەوری بینای شارەوانی كەركوك دەگرن، بەڵام روون نییە بۆ رێگریكردنە لە دەستبەكاربونی بەڕێوەبەری نوێ، یان ئامادەكاریكردنە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
دورخستنەوەی سەردار عەلی لە پشكی كورد و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە بڕیاری پەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەكانی عیراق بوو، كە دووشەممە 30ی كانونی یەكەم، چووە بواری جێبەجێكردنەوە. لەبری ئەو ئەندازیار فەرەیدون عادل وەیس دەستبەكاربوو.
بەپێی نوسراوێكی پەنگین رێكانی، كە دووشەممە 30ی كانونی یەكەم ئاراستەی پارێزگای كەركوك كراوە و كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا هاتووە "ئەو فەرمانانەی كە دەریدەكەین، بۆ ئەوە نییە رەزامەندی ئێوە وەربگرین، بەڵكو پێویستە جێبەجێبكرێت و جێگەی گفتوگۆ نییە".
ئەو فەرمانانەی كە دەریدەكەین، بۆ ئەوە نییە رەزامەندی ئێوە وەربگرین، بەڵكو پێویستە جێبەجێبكرێت و جێگەی گفتوگۆ نییە
هەروەها هاتووە "دەرگای وەزارەت بۆ گفتوگۆ كراوەیە، بەڵام دوای جێبەجێكردنی فەرمانەكان، ئەگەر پێشتریش لە بڕیارەكانماندا دانمان بەخۆماندا گرتبێت، وەكو رێزێك بووە بۆ دەستوەردانی برامان سەرۆكی دەستەی هەماهەنگی پارێزگاكان".
فەرەیدون عادل وەیس، بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە فەرمانی وەزارەت، دووشەممە دەستبەکاربوم، ئەوە بڕیاری وەزارەتە و ئێمەش پابەندی بڕیارەکە بوین، بەپێی توانا و دەسەڵاتەکانمان هەوڵدەدەین لە ماوەی کارکردنمان، باشترین و شایستەترین کار پێشەکەش بە هاوڵاتیانی شاری کەرکوک بکەین، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سێشەممە 31ی كانونی یەكەم، هێزێكی زۆری لیوای 61 چواردەوری بینای شارەوانیان گرت، بەڵام رون نییە ئامانجیان چییە.
فەرەیدون وتی "ئێمەش نازانین ئەو هێزە بۆچی هاتون، من لەناو بینای شارەوانیم، رەنگە بۆ رێگریكردن بێت لە دەستبەكاربونی من، لەوانەشە بۆ ئەوە بێت ئامادەكاریی بكەن بۆ روداوی نەخوازراو".
پەنگین رێكانی، لە پشكی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەكانی عیراقە و بڕیاری گۆڕینی شارەوانی كەركوكی داوە، هەر خۆیشی بەڕێوەبەرێكی نوێی دەستنیشانكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەو هێزە بە بڕیاری راكان سەعید، پارێزگار كەركوك بەوەكالەت و بۆ رێگریكردن لەو گۆڕانكارییە چونەتە بەردەم بینای شارەوانی.
سەردار عەلی كە لە سەردەمی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك بۆتە بەڕێوەبەری شارەوانی، هەر بەبڕیاری وەزارەت خانەنشین كراوە.
ئەندازیار فەرەیدون عادل، پێشتر جێگری بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک بووە و لە ماوەی كاركردنیدا سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی شارەوانی كەركوك بووە.
ناوبراو لەسەر پشكی كورد و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
دەستبەكاربونی بەڕێوەبەرێكی نوێ بۆ شارەوانی كەركوك، لەكاتێكدایە ناڕەزایی هەیە لە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیی و لەنێویاندا پاكنەكردنەوەی شار و كەوتنی خۆڵ و خاشاك.