راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دەیەوێت لەڕێی بەكارهێنانی هێزەوە بڕیاری گۆڕینی چوار بەڕێوەبەری پارێزگاكە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەو چوار بەڕێوەبەرە (فەرمانگەی ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری شارەوانییەكان، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك و فەرمانگەی ئاو)، لە 30ی كانونی یەكەم لەلایەن پەنگین رێكانی، وەزیری ئاودانکردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەکانی عیراق بڕیاری گۆڕینیان دراوە و چوار كەسی نوێ لە شوێنیان دانراوە، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە بە بڕیاری راكان سەعید، هەوڵی رێگریكردنیان درا بۆ دەستبەكاربونیان و هەمویان نەیانتوانی دەستبەكاربن.
زاگرۆز جان وەلی، بەڕێوەبەری نوێی فەرمانگەی ئاوەڕۆی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەبڕیاری وەزارەت و لە دووشەممە 30ی ئەم مانگەوە دەبوو دەستبەكاربین، بەڵام بەهۆی فشاری هێزە ئەمنییەکانەوە نەمانتوانی دەوامبکەین"، زیاتر وتی "من خۆم فشارم لەسەر بوو و لەبەر هێزە ئەمنییەكان دەستبەكارنەبوم".
بەهۆی فشاری هێزە ئەمنییەکانەوە نەمانتوانی دەوامبکەین و دەستبەكاربین
زاگرۆز كوردە و لە شوێنی ناسیح فاتیح دەستبەكاربووە، كە ئەویش لەهەمان نەتەوەیە.
"ئێمە فەرمانی وەزارەتمان هەیە و وەك بەڕێوەبەری نوێ بۆ ئەو پۆستانە دیاریكراوین، بەڵام رێگرییەکانی ئەمڕۆ بەشێکە لە کاردانەوەی پارێزگای کەرکوک بەرامبەر بڕیارەکە"، زاگرۆز وایوت.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 31ی كانونی یەكەم، هێزێكی لیوای 61ی تایبەت كە چەند مانگێكە دۆسیەی ئەمنی كەركوكیان لە ئەستۆیە، چواردەوری شارەوانی كەركوكیان گرت، بەئامانجی فشار دروستكردن بۆ رێگریكردن لە دەستبەكاربونی سەرۆكی نوێی شارەوانی.
فەرەیدون عادل وەیس، كە وەكو بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی كەركوك لە جێگەی سەردار عەلی دەستبەكاربووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەش نازانین ئەو هێزە بۆچی هاتون، من لەناو بینای شارەوانیم، رەنگە بۆ رێگریكردن بێت لە دەستبەكاربونی من، لەوانەشە بۆ ئەوە بێت ئامادەكاری بكەن بۆ روداوی نەخوازراو".
فەرەیدون عادل و سەردار عەلی، هەردوكیان كوردن و سەر بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن.
هاوكات نینوس شەمعون کورکیس لە پێكهاتەی كریستیانی و بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەرکوک لە پۆستەکەی لابراوە و لەبری ئەو ئاری محەمەد دانراوە، ئەمەی دواییان كوردە.
هەروەها نەجم سەعد محەمەد، لە پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکوک لابراوە و لەبری ئەو عەباس مەحمود دانراوە. كە هەردوكیان توركمانن.
پەنگین رێكانی، لە پشكی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەكانی عیراقە و بڕیاری ئەو گۆڕانكارییانەی داوە.
سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك، كە بەهۆی ئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ راگەیاندن و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك، پێیوایە لە گۆڕانكارییەكاندا پرسی پێنەكراوە و بەو گۆڕانكارییانە رازی نییە، بۆیە دوو رۆژە لە هەوڵدایە لەڕێی هێزەوە ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بۆ دەستبەكاربونی ئەو چوار بەڕێوەبەرە دەركراوە و لەو هەوڵەش بەردەوامدەبێت".
(كەركوك ناو)، نەیتوانی هیچ لێدوانێك لە راكان سەعید و نوسینگەكەی وەربگرێت، دوای چەندین هەوڵ.
بەڵام بەپێی نوسراوێكی پەنگین رێكانی، كە دووشەممە 30ی كانونی یەكەم ئاراستەی پارێزگای كەركوك كراوە و كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا هاتووە "ئەو فەرمانانەی كە دەریدەكەین، بۆ ئەوە نییە رەزامەندی ئێوە وەربگرین، بەڵكو پێویستە جێبەجێبكرێت و جێگەی گفتوگۆ نییە".