كه‌مپی له‌یلان دوو له كه‌ركوك، به روی ئاواره‌كاندا داده‌خرێت و ئه‌و خێزانانه‌ی تێیدا نیشته‌جێ بون بۆ كه‌مپی دیكه، ناو شار و ناوچه‌كانی تری پارێزگاكه ده‌گوازرێنه‌وه.
به‌پێی ئه‌و ئاماره فه‌رمییانه‌ی به (كه‌ركوك ناو) دراون، له نێو كه‌مپی له‌یلان دوو له پارێزگای كه‌ركوك، 405 خێزانی ناوچه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه نیشته‌جێ بون و زۆرینه‌یان گواستراونه‌ته‌وه بۆ كه‌مپی له‌یلان یه‌ك، كه ئێستا دانیشتوانه‌كه‌ی گه‌یشتۆته زیاتر له هه‌زار و 500 خێزان.
سەرچاوەیەك له‌و رێكخراوه ناحكومییانه‌ی له كه‌مپه‌كه‌دا كارده‌كات به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كه‌مپی له‌یلان دوو به بڕیاری وه‌زاره‌تی كۆچ داده‌خرێت و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی گواسترانه‌وه بۆ كەمپی لەیلان یەك".
50 خێزانی نیشته‌جێی كه‌مپه‌كه، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ئه‌منی، گواستراونه‌ته‌وه بۆ ناوشاری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له حه‌ویجه و ئه‌و گوندانه‌ی پێشتر تێیدا نیشته‌جێ بون.
له سنوری كه‌ركوك، كه‌مپه‌كانی له‌یلان یه‌ك، له‌یلان دوو، له‌یلان سێ، نه‌زراوه، یه‌حیاوه و داقوق له 2014وه تا 2017، هه‌زاران خێزانی ناوچه‌كانی حه‌ویجه و پارێزگاكانی تری تێدا نیشته‌جێ بوون، به‌ڵام دواتر و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ئاواره‌كاندا، ژماره‌یه‌ك له كه‌مپه‌كان داخران و له ئێستادا ته‌نیا هه‌ردوو كه‌مپی له‌یلان یه‌ك و یه‌حیاوه كراوه‌یه.
سه‌رچاوه‌كه وتی "ئێستا نزیكەی هه‌زار و 500 خێزان له كەمپی لەیلان یەك نیشته‌جێن، لەو ژماره‌یه‌ش 200 خێزانیان خەڵكی پارێزگای تكریتە، كە بڕیارە دوای تاقیكردنەوەكانی نێوەی ساڵ بگەڕێنەوە".
له نێو ئاواره‌كانی كه‌ركوك، خه‌ڵكی حه‌ویجه و پارێزگاكانی تری نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ن، كه پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه هه‌ڵاتون.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه به‌شێك له‌و خێزانانه‌ی له كه‌مپه‌كانی كه‌ركوك ماونه‌ته‌وه، "له كه‌سوكاری داعش-ن، به‌شێكیان له سنوری نه‌ینه‌وا ره‌وانه‌كراون، بۆیه رێگه‌ی ده‌رچون و هاتوچۆیان پێ‌نادرێت".
حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، پێشتر و له‌رێی ته‌رخانكردنی بڕه پاره‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، كه ده‌گه‌یشته ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار، هانی ئاواره‌كانی دا تا بگه‌ڕێنه‌وه، له 2019یشدا، هه‌وڵه‌كانی چڕتر كرده‌وه، تا به یه‌كجاری كه‌مپه‌كان دابخات.
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له ساڵی رابردوودا پلانێكی راگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی له ساڵی 2020دا ته‌واوی كه‌مپه‌كان دابخات.
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بوون كه ده‌كاته نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه.