دزه‌كانی (خان خورما)ی كه‌ركوك ده‌ستگیرنه‌كراون

كه‌ركوك/ته‌مموزی 2017/ بازاڕێكی میللی شاره‌كه‌ له‌ نزیك قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، تائێستا هیچ كه‌سێكیان ده‌ستگیرنه‌كردووه‌ به‌ تۆمه‌تی دزیكردن له‌ دوكاندارانی بازاڕی خان خورما، هه‌رچه‌ند زیاد له‌ جارێك روداوی هاوشێوه‌ دوباره‌ بۆته‌وه‌.

به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كامێراكانی چاودێری، چه‌ند كه‌سێك له‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌، له‌ شه‌ودا شمه‌كی به‌رده‌م دوكانه‌كانی بازاڕی خان خورما ناسراو به‌ عه‌لوه‌ی كه‌ركوك ده‌خه‌نه‌ ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازییه‌وه‌ و ده‌یبه‌ن.

ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌، كه‌ نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه‌، مێژوه‌كه‌ی بۆ كانونی یه‌كه‌می 2019 ده‌گه‌ڕێته‌وه.

محەمەد خەماس، یه‌كێك له‌و دوكاندارانه‌ی له‌ بازاڕی خان خورما دزی لێكراوه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ كۆگاكه‌مدا پەتاتە و پیاز دەفرۆشم، شەوانە شمه‌كه‌كان لە دەره‌وە به‌جێدەهێڵم و دایدەیپۆشم، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دوكانه‌م ژمارد و دامپۆشی، بۆ رۆژی دواتر سه‌یرمكرده‌وه‌ چەندین تۆڕ پیاز و پەتاتە كەمكردبوو".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ كامێرای چاودێری هه‌یه‌ و كاتێك سه‌یری تۆماره‌كه‌ی كردۆته‌وه‌، "بینیم له‌ شه‌ودا ئۆتۆمبێلێكی سەربازی دزی دەكەن، پەتاتە و پیاز دەدەزن و دەیكەنه‌ نێو ئۆتۆمبێلەكەوە، ئەمە یەكەم حاڵەتی دزیكردنە لە من، بەڵام چەندینجارە دزی لە دوكاندارانی تر ده‌كرێت".

له‌ ئه‌یلولی ساڵی رابردوشدا، گرته‌یه‌كی تری ڤیدیۆیی كامێرای چاودێری هه‌مان بازاڕ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌رێی ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییه‌وه‌ و به‌ شه‌و دزی له‌ دوكانداره‌كان ده‌كرێت.

dzi
ده‌ركه‌وتنی دوو كه‌س به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ گرته‌ی ڤیدیۆیی كامێراكانی چاودێری دوكاندارانی خان خورما كاتێك دزی ده‌كه‌ن

هه‌كاری عه‌لی، دوكاندارێكی تری بازاڕه‌كه‌یه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "من چەندینجار دزیم لێكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەزانین دزەكان كێن نەمانوێراوە قسە بكەین، ئێمە دەزانین دزەكان كێن و ئەو شتانە بۆ كوێ دەبەن" به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ لایه‌نێك وه‌ك تۆمه‌تباری ئه‌و دزییه‌ ئاشكرابكات.

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، زیاد له‌ هێزێكی سه‌ربازی و ئه‌منی هه‌یه‌، له‌ سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ناوخۆیی و حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ هه‌مویان له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا كارده‌كه‌ن.

سەرچاوەیەكی ئەمنی له‌ كه‌ركوك كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە، بەڵام ئەمە چەندین جارە حاڵەتی دزیكردن ڕوودەدات و كەس ناتوانێت و ناوێرێت به‌و لایه‌نه‌ی تۆمه‌تباره‌ بڵێت بۆچی وادەكەن و سزایان بدەن".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی له‌ كه‌ركوك به‌ به‌رپرسیاری روداوه‌كه‌ تۆمه‌تباركرد، كه‌ (كه‌ركوك ناو) به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ر و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌وه‌ پێیباش نه‌بوو ناوی ئه‌و هێزه‌ بڵاوبكاته‌وه‌.

تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ به‌ڵام هیچ لایه‌ن و كه‌سێك به‌ فه‌رمی تۆمه‌تبارنه‌كراوه‌ و كه‌سیش ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

(كه‌ركوك ناو) هه‌وڵیدا زانیاری له‌ لێپرسراوانی ئه‌منی كه‌ركوك وه‌ربگرێت به‌ڵام كه‌س ئاماده‌نه‌بوو به‌ناوهێنانیه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ لێدوان بدات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT