گوندی ئەلقوشی کۆن بە شێوازێکی فۆلكلۆری نۆژەنكراوەتەوە، كە ئامانج لێی پاراستنی كەلەپوری ناوچەكە و راكێشانی سرنجی گەشتیارانە.
مێژووی ئەو گوندە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە دانیشتوانەكەی زۆرینەی كریستیانین. لەئێستادا ئەلقوشی كۆن تەنیا شوێنێكی مێژویی ناوچەكەیە و بەشێكە لە ناحیەی ئەلقوش.
دانی ئەسمەرۆ، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ئەلقوشی كۆن و پاراستنی كەلەپوری گوندەكە، بە(کەرکوک ناو)ی وت "کەلوپەلەکانی نێو گوندەكەمان لەڕێی كەنیسە و هەندێك خەڵكی ناوچەكەوە كۆكردەوە، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەشیدا لەناو گوندەكە داماننان".
"هەر کەسێک سەردانی نێو گوندەکە بکات، دەزانێت ئەلقوش چەند کۆنە و یەکێکە لە ناوچە مێژوییە گرنگەكانی عیراق دادەنرێت"، دانی ئەسمەرۆ وتی كە ئەوەش ئامانجی ئەوان بووە.
نۆژەنكردنەوەی گوندەكە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 دەستیپێكرد، هەر لەسەر شێوازە كۆنەكەی گوندی ئەلقوش نۆژەنكراوەتەوە و خانووەكان دروستكراونەتەوە.
پڕۆژكە 120 هەزار دۆلاری تێچووە، تێچووەكەی خەڵكی ناوچەكە، كەسایەتییەكان و كەنیسە و خودی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەوە دابینكراوە.
ئێستا رۆژانە گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە دەچنە ئەلقوشی كۆن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە دەڵێت "دەمانەوێت چونە ژورەوە بۆ ناو گوندەكە بكەینە بلیت و پارەكەی بۆ خزمەتی گوندەكە خەرج بكەین".