پاشماوەكانی نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك لە شەقامێكی سەرەكی فڕێدەدرێن

كەركوك/5ی كانونی دووەمی 2020/ فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەی ئازادی لە بازنەی شەقامی سەرەكی كەركوك – لەیلان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

پاشماوەكانی نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك لە نێویاندا پاشماوەی نەشتەرگەریی و جەستەی مرۆڤ، لەسەر شەقامێكی سەرەكی شارەكە فڕێدەدرێت، ئەوەش بەهۆی لەكاركەوتنی كورەی نەخۆشخانەكەوە.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، رۆژانە ئۆتۆمبێلەكانی نەخۆشخانەی ئازادی، لە بازنەی شەقامی سەرەكی كەركوك – لەیلان، ئەو پاشماوانە هەر لەسەر شەقامەكە فڕێدەدەن و جێیدەهێڵن.

هاوڵاتییەك كە رۆژانە لەنێو پاشماوەكاندا بەدوای كۆكردنەوەی ئاسن و پلاستیكدا دەگەڕێت تا بیانفرۆشێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو رۆژێك شۆفێرەكان پاشماوەكان لێرە فڕێدەدرێن، ئەوەتا لەناو ئەم كیسە نایلۆنانەدا پاشماوەی نەشتەرگەریی، جەستەی مرۆڤ و لەفافی خوێناوی هەیە".

لەناو ئەم كیسە نایلۆنانەدا پاشماوەی نەشتەرگەریی، جەستەی مرۆڤ و لەفافی خوێناوی هەیە

"ئێمە كیسەكان دەدڕێنین بۆ ئەوەی بزانین پلاستیكی تیایە، بەڵام ئەو پاشماوانەی تێدایە، دەبوو فەرمانگەی تەندروستی ئەمە قبوڵ نەكات و بیانسوتێنێت".

لەسەر شەقامەكە بۆنی پاشماوەكان دێن و بەشێكیان بڵاوبونەتەوە و كیسە نایلۆنەكان دڕاون.

pashmawaa
كەركوك/5ی كانونی دووەمی 2020/ فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەی ئازادی لە بازنەی شەقامی سەرەكی كەركوك – لەیلان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەموو نەخۆشخانەیەك كورەی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ سوتاندنی پاشماوەی نەخۆشخانەكە، بەڵام كورەی نەخۆشخانەی ئازادی لەكاركەوتووە و بۆ نۆەژنكردنەوەی چاوەڕێی تەرخانكردنی پارە بون.

دکتۆر کەریم وەلى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداربوم كە كورەی نەخۆشخانەكە لەكاركەوتبوو، ئێمەش چاوەڕێی ئەوە بوین ئیدارەی كەركوك پارەی بۆ تەرخان بكات... بەڵام ئاگاداری ئەوە نیم كە پاشماوەكان لەو شەقامە فڕێدەدرێن".

pashmawaaa
كەركوك/5ی كانونی دووەمی 2020/ فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەی ئازادی لە بازنەی شەقامی سەرەكی كەركوك – لەیلان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو زیاتر وتی "هەر ئێستا لێپرسراوانی نەخۆشخانەی ئازادی ئاگاداردەكەمەوە، ئەگەر ئەو شتە راست بێت، بابچن پاشماوەكان لەو شەقامە هەڵبگرنەوە و بێن لە كورەكە بیسوتێنن كە تازە چاككراوەتەوە".

لەبارەی چاككردنەوەی كورەی نەخۆشخانەكەوە، وتی "تازە چاككراوەتەوە، بەڵام نازانم چەند رۆژە".

دوای 24 كاتژمێر لەو بەڵێنەی بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک، تیمی (كەركوك ناو)، چونەوە بۆ شوێنی فڕێدانی پاشماوەكان، تێبینیكرد بەشێك لە پاشماوەكان هەر لەوێ سوتێنراون و پێدەچێت بەشێكی تری كۆكرابێتنەوە.

sutan
كەركوك/6ی كانونی دووەمی 2020/ فەرمانگەی تەندروستی بەشێك لە پاشماوەكانی سوتاند، دوای ئەوەی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لێدوانی لەبارەی فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەی ئازادییەوە لێوەرگرت فۆتۆ: كاروان ساڵحی 

(كەركوك ناو)، دوای چەندین هەوڵ نەیتوانی بۆچونی لێپرسراوانی نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك وەربگرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT