دوای زیاتر لە دوو مانگ
رفێنراوێك بە 60 هەزار دۆلار ئازاددەكرێت

بۆ ئەم وێنەیە (كەركوك ناو) مۆڵەتی بەكارهێنانی لە unsplash وەرگرتووە فۆتۆ: Colin Watts

لەیلا ئەحمەد

حەسەن والی رۆستەم، (21 ساڵ)، دوای زیاتر لە دوو مانگ لە رفاندنی، شەوی رابردوو بە 60 هەزار دۆلار ئازادكرا.

ئەو گەنجە لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2019، لەگەڵ خزمێكی خۆیان بەناوی جەلال بابان ئیبراهیم  (35ساڵ) لە گوندی نارین سەر بە ناحیەی قەرەتەپە – سەر بە قەزای خانەقین- لەلایەن گروپێك چەكدارەوە رفێنران.

قانع عەبدولکەریم جوهەر، خاڵی حەسەن والی، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو مانگ و چوار رۆژ لەمەوبەر ئەو دوو خزمەمان كاتێك كاتژمێر 8:30ی شەو خەریكی جوتكردن بون، بە 100 مەتر لە دوری گوندەكە لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە هێرشیانكرایە سەر و رفێنران".

گوندی نارین دانیشتوانەكەی كوردن و خەڵكەكەی بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن. بەشێك لە خەڵكەكەی بەر لەو روداوەش گوندەكەیان بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە چۆڵكرد.

قانع وتی "چەكدارەكان چەند رۆژێك دوای رفاندنەكە، بە مۆبایلی خۆیان پەیوەندییان پێوەكردین و داوای 200 هەزار دۆلاریان كرد بۆ ئازادكردنی حەسەن، ئێمەش نەمانتوانی ئەو بڕە دابینبكەین، هەر جارەو بڕە پارەیەكیان پێدەوتین".

چەكدارەكان چەند رۆژێك دوای رفاندنەكە، بە مۆبایلی خۆیان پەیوەندییان پێوەكردین و داوای 200 هەزار دۆلاریان كرد

كەسوكاری حەسەن، دوای ئەو ماوەیە بە 60 هەزار دۆلار رازی دەبن. بەڵام چەكدارەكان لەبارەی ئازادكردنی جەلال ئیبراهیمەوە باسی هیچ بڕە پارەیەكیان نەكردووە.

شەوی رابردوو 6ی كانونی دووەم، دایك و باوكی حەسەن، ئەو 60 هەزار دۆلارە، دەبەنە نزیك گوندی ئەبو عەلە نزیك گوندەكەی خۆیان و كاتژمێر 8:30 رادەستی چەكدارەكانی دەكەن، ئەوانیش هەر ئەوكات حەسەن ئازاد دەكەن.

قانع وتی "چەكدارەكان دوو هەزار و 500 دۆلاریان لەو پارەیە بۆ كەسوكاری حەسەن گەڕاندۆتەوە".

چەكدارەكان دوو هەزار و 500 دۆلاریان لەو پارەیە بۆ كەسوكاری حەسەن گەڕاندۆتەوە

ئەوەش لەكاتێكدایە لەو ماوەیەدا، چەكدارەكان بەهیچ شێوەیەك باسی هیچ بڕە پارەیەكیان نەكردووە بۆ ئازادكردنی جەلال بابان و تائێستاش لای ئەوانە، ئەوەش بەپێی وتەی قانع.

زیاتر وتی "تەنیا ئەوەی بزانین ئەوەیە جەلال لەژیاندا ماوە".

كەسوكاری ئەو دوو رفێنراوە، چەكدارەكان بە داعش ناودەبەن.

دۆخی ئەمنی گوندەكانی سنوری قەزای خانەقین لە باكوری پارێزگای دیالە، ئارام نییەو ناوبەناو هێرشی چەكداریی دەكرێتە سەر گوندنشینان و هێزە ئەمنییەكان. بەهۆیەوە ژمارەیەك گوند بە بەتەواوی چۆڵكراون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT