80 سكاڵا دژی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك تۆمارده‌كرێت

كەركوك، 23ی كانونی یەكەمی 2019، گردبونه‌وه‌یه‌كی پێشتری وانەبێژان بۆ داواكردنی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی كه‌ركوك، زیاتر له‌ 80 سكاڵا تۆمارده‌كه‌ن دژی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌، به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كانیان بۆ دامه‌زراندن.

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، دوانیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ 8ی كانونی دوه‌م ناوی دامه‌زرێنراوانی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری ده‌رچوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌كی "نادادپه‌روه‌ر" و له‌ قازانجی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌دا ناویان برد.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌چوارچێوه‌ی ناڕه‌زاییه‌كانیدا، پێنجشه‌ممه‌ 9ی كانونی دووه‌م، زیاتر له‌ 80 ده‌رچوی دانه‌مه‌زراو، سكاڵایان گه‌یاندۆته‌ دادگا.

سارە عه‌لی، کچه‌ ده‌رچویه‌كی زانكۆیه‌ له‌ پێكهاته‌ی توركمان و ناوی بۆ دامه‌زراندن نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیه‌كانماندا، دژی ئه‌وه‌ی دانه‌مه‌زراوین چوینه دادگای کەرکوک و سکاڵامان تۆمار کرد".

به‌وته‌ی شاره‌، له‌رێی عه‌ریزه‌وه‌ داواكارییه‌كه‌یان بۆ دادگا به‌رزكردۆته‌وه‌ و دوای واژۆی دادوه‌ر، كۆپییه‌كی سكاڵاكه‌یان راده‌ستی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كه‌ركوك كردووه‌.

"کورد و تورکمان لە دامه‌زراندنه‌كه‌دا غەدریان لێکراوە، بۆیه‌ زیاتر له‌ 80 كه‌س بوین كاتێك سكاڵاكانمان تۆماركرد و پێمانوایه‌ دەستێوەردان هه‌بووه‌ له‌ قازانجی ده‌رچوانی عه‌ره‌ب، هه‌لبژاردنی ناوه‌كان لە سەر بنەمای مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ نه‌ك خاڵبه‌ندی".

ساره‌ عه‌لی جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "تا مافەکانمان وەرنەگرین کۆڵ نادەین، بۆیە بڕیاره‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (12ی كانونی دووه‌م) چەندین کەسی تر سکاڵا تۆمار بکەن".

alito3ma
عه‌بد عه‌لی حسێن توعمه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندندا سته‌م له‌ كه‌س كرابێت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

عەبد عەلی حسێن توعمە، به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دامه‌زراندن له‌ كه‌ركوك پێیوانییه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا سته‌م له‌ كه‌س كرابێت، به‌ پرۆسه‌یه‌كی زۆر ئاسایی و سروشتی ناوی ده‌بات، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌رچوان مافی خۆیانه‌ گله‌ییان هه‌بێت و ده‌رگای تانه‌ و سكاڵامان كراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ سه‌تملێكراو ده‌زانن".

په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، ناوی دامه‌زرێنراوانی ره‌وانه‌ی به‌غدا كردووه‌، تا دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی تانه‌كان فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان ده‌ربكرێت.

بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پێنجشه‌ممه‌ 9ی كانونی دووه‌م بڵاویكرده‌وه‌ هەفتەی داهاتوو وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک بانگهێشتی لیژنەی پەروەردە ده‌كرێن، بۆ رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ و ئەگەر پێویست بکات پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌تیش بانگهێشت دەکەن.

له‌ چوارچێوه‌ی ناڕه‌زاییه‌كاندا دژی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌، په‌رله‌مانتارانی كورد و توركمانی كه‌ركوك، پێنجشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجامداو به‌ڵێنیاندا هه‌وڵی پێداچونه‌وه‌ بده‌ن به‌ پرۆسه‌كه‌دا.

رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌غدا، له‌ په‌یامێكدا له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی نەزاهە بەوەکالەت، به‌ڵگه‌كانی "گەندەڵی، مەحسوبیەت و مەنسوبیەت، بەرتیل و نادادپەروەری لە دامەزراندنی كه‌ركوكدا خراونه‌ته‌ڕوو، بۆیه‌ بڕیاردراوه‌ نه‌زاهه‌ ده‌ستبكات به‌ رێكاری پێویست و راگرتنی دامەزراندنەکە.

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ پڕكرده‌وه‌، كه‌ سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه‌، به‌وته‌ی په‌روه‌رده‌، پاڵپشت به‌ خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامه‌زرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT