له‌به‌ر شۆسته‌یه‌كی كۆنكرێتی
نزیكه‌ی 300 دار له‌ گه‌ڕه‌كێكی كه‌ركوك هه‌ڵده‌كه‌نرێت

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2020، داره‌كانی شۆسته‌ی نێوان دوسایدی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی شكێنراون و له‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵكه‌نراون فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – كه‌ركوك

له‌ شه‌قامێكی ناوشاری كه‌ركوك، نزیكه‌ی 300 دار ده‌شكێنرێن و له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵده‌كه‌نرێن، ته‌نیا له‌به‌ر دروستكردنی شۆسته‌یه‌كی كۆنكرێتی.

پرۆژه‌ی دروستكردنی ئه‌و شۆسته‌یه‌، ده‌كه‌وێته‌ ده‌كه‌وێته‌ شه‌قامی دووسایدی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی، كه‌ له‌ ئێستادا شۆسته‌ كۆنه‌كه‌ی بۆ تێكدراوه‌؛ به‌ هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و دارانه‌یشی ساڵانێكه‌ روێنراون.

"من نزیكه‌ی 25 دارم له‌ شۆسته‌ی نێوان هه‌ردوو سایده‌كه‌ رونادبوو، دوو ساڵه‌ به‌ سۆنده‌ ئاویان ده‌ده‌ن، به‌ڵام داره‌كانیان هه‌ڵكه‌ند، له‌ كاتێكدا له‌ یاسای دنیادا نییه‌ دار ببڕدرێته‌وه‌ له‌ كه‌ركوك نه‌بێت، كه‌ یاسای تێدانییه‌" سەیفەدین عیزەدین وای وت.

سه‌یفه‌دین دوكانداره‌ له‌و شه‌قامه‌ی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی، وه‌ك خه‌ڵكانی تری گه‌ڕه‌كه‌كه‌، نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و دارانه‌ی ساڵانێكه‌ خزمه‌تیان ده‌كه‌ن؛ "ئیداره‌ی كه‌ركوك خه‌ریكی قیرتاوی شه‌قامه‌كه‌یه‌ و له‌به‌ر شۆسته‌ی ناوه‌راستی شه‌قامه‌كه‌ داره‌كانیان هه‌ڵكه‌ند".

panjaaliykirkuk (2)
سه‌یفه‌دین ره‌گی داره‌ هه‌ڵكه‌نراوه‌كانی به‌ گڵ داپۆشیوه‌ تا وشك نه‌بنه‌وه‌ و بتوانێت بیانڕوێنێته‌وه‌

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئه‌وه‌ندی فریاكه‌وتووه‌، چه‌ند دارێكی لای خۆی پاراستووه‌ و ره‌گه‌گه‌ی به‌ گڵ داپۆشیووه‌ دوای هه‌ڵكه‌ندنی تا وشك نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شوێنێكی تر بیڕوێنێته‌وه‌.

"ژینگەی ئەم شارە خۆی رۆژانه‌ پیستر ده‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆمان دارمان رواندووه‌ تا رێژه‌ی سه‌وزایی زیاد بێت كه‌چی ئیداره‌ی كه‌ركوك نزیكه‌ی 300 دار و گوڵ و دره‌ختی جیاوازی هه‌ڵكه‌ند و فڕێی دا" به‌وته‌ی سه‌یفه‌دین.

رێژه‌ی سەوزایی لە شاری كەركوك لەسەدا چوار تێناپەڕێت، لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە لەسەرووی سەدا 15ــــەوە بێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی پێشتری شاره‌وانی.

shaqam
دوسایدی په‌نجاعه‌لی پێش و دوای بڕینه‌وه‌ی داره‌كان بۆ پرۆژه‌ی دروستكردنی شۆسته‌

عه‌دنان عه‌بدوڵا، دوكاندارێكی تری گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لییه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "شەش مانگ له‌مه‌وبه‌ر شۆستەی نێوان دوو سایدەكەیان كۆنكرێت كرد، ئێمە هەستیان و واژمان كۆكردەوە بۆ ئەوەی دارەكان نەبڕنەوە.. به‌ڵام له‌م رۆژانه‌دا هه‌موو داره‌كانیان بڕییه‌وه‌".

هه‌ڵكه‌ندنی داره‌كان چه‌ند دوای ئه‌وه‌ دێت له‌ رێی هه‌ڵمه‌تێكه‌وه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی رێكخراوی كۆكار پرۆژه‌ی چاندنی 10 هه‌زار نه‌مام له‌ كه‌ركوك راگه‌یه‌ندرا، له‌ پێناو پاككردنه‌وه‌ی هه‌وای شار و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌وزایی.

"نازانم كێ به‌رپرسه‌ له‌و پرۆژه‌یه‌، به‌ڵام ده‌زانم له‌ناوبردنی دارێك به‌ واتای له‌ناوبردنی مرۆڤێكه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ پێویستمان به‌ هه‌وای پاك هه‌یه‌، ئیداره‌ و به‌ڵێنده‌ریش له‌به‌ر راییكردنی كاری خۆیان گوێ به‌ ته‌ندروستی خه‌ڵك ناده‌ن".

عه‌دنان ئه‌وه‌شی وت به‌شێك له‌و دارانه‌ی هه‌ڵكه‌ندراون، چوار ساڵه‌ خزمه‌تیان ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ هاویندا به‌ تانكه‌ر ئاوی بۆ داره‌كان كڕیووه‌.

panjaaliykirkuk (6)
كه‌ركوك، 2020، شۆسته‌ی نێوان دوسایدی په‌نجاعه‌لی دوای هه‌ڵكه‌ندنی داره‌كان  فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

هه‌ڵكه‌ندنی داره‌كان بۆ شۆسته‌ و قیرتاوی شه‌قامه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی 2019ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای كه‌ركوكدایه‌.

فەرەیدون عادل، بەڕێوه‌بەری نوێی شارەوانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرچەندە پێش ده‌ستبه‌كاربونی من ئه‌و پرۆژه‌یه‌ چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام دەبێت كارەكان بە سیستەم بكرێت و ناكرێت بەشێوەیەی هەڕەمەكی دار لە شۆستەكانی كەركوك بڕوێنرێن، بەشێك لەو دارانە زیانی بۆ ئاوی ژێر زەوەی هەیە".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فه‌ره‌یدون وتی "من بەهەموو شێوەیەك دژی هەڵكەندنی دارم لە كەركوك، بۆیە هەوڵدەدەین باشترین و جوانترین دار لەو شەقامەدا بڕوێنین".

مەترسی كه‌مبونه‌وه‌ی زیاتری رێژه‌ی سەوزایی لە كەركوك، لەكاتێكدایە چەندین كێڵگە ‌و سەدان بیرە نەوتی هەیە‌، رۆژانە بڕێك زۆر لەو گازە ژەهراوییانە بە شارەكە بڵاودەبێتەوە كە كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دادەنێن ‌و بۆ پاكڕاگرتنی هەوا، پێویست بە سەوزایی و داری زۆر دەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT