ئەنجومەنی مامۆستایانی دانەمەزراو لە كەركوك مۆڵەتی 48 کاتژمێر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناوی دامەزراوان، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی فراوان دەكەن.
ئەو ئەنجومەنە كە مامۆستایانی كورد دوابەدوای راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان پێكیانهێنا، کاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی كانونی دووەم، لە بەردەم یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک گردبونەوە و داوای بەپەلە هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی دامەزراندنیان كرد.
دانا عەبدولکریم، سەرپەرشتیاری ئەنجومەنەكە، پەیامێكی نوسراوی خوێندەوە و وتی "ئێمە نوێنەرایەتی هەزاران مامۆستای دانەمەزراوی کورد دەکەین، باوەڕمان بەو وتەیە هەیە كە دەڵێت ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت، بۆیە گردبوینەتەوە و مەبەستمانە مافی مامۆستایانی دانەمەزراوی نەتەوەکەمان بەدەستبهێنین".
باوەڕمان بەو وتەیە هەیە كە دەڵێت ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت
وتیشی "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەهێنینە سەرهێڵ تا بەر بەو نادادپەروەریی و گەندەڵییانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک بگیرێت و کراوەتە ناوەندێک بۆ گەندەڵی، بەرتیلوەرگرتن و جێبەجێکردنی داخوازی دڵی چەند لایەن و کەسایەتیی و عەشەیرەتێک".
ئەنجومەنی مامۆستایانی دانەمەزراو لە پەیامەكەیاندا كە بڵاویانكردەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بێ مەرج و دەستبەجێی ئەو لیستی دامەزراندنەیان كرد كە پەروەردەی کەرکوک رایگەیاند، لەگەڵ دابەشکردنی پلەكانی دامەزراندن بەپێی رێژەی نەتەوەکان. بۆ ئەوەش جەختیانكردەوە "باشترین پێوەر بۆ دیاریکردنی ئەو رێژانە، پشت بە ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ببەسترێت". بەو پێیەش ئەو ئەنجومەنە داوای لەسەدا 50ی پشكی دامەزراندن دەكات بۆ كورد.
"دامەزراندنەكان بەپێی پێویستی پسپۆڕی بێت و دابەشکاریی لەنێوان شارۆچکە و شارەدێیەکان نەمێنێت، چونکە بەو هۆیەوە ناو شار شانسی دامەزراندنی کەمتردەبێت"، بەپێی پەیامەكەیان.
بۆ ئەوە مەبەستەش ئەنجومەنەكە مۆڵەتی 48 کاتژمێری دیاریكرد بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک تا دامەزراندنەكە هەڵبوەشێنێتەوە، "بەپێچەوانەوە دەست بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەین لە پارێزگاكە".
ئەو ئەنجومەنە پەیامێکیشیان ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كرد و هاتووە "ئێمەی غەدرلێکراوان چاوەڕوانی هەڵوێستی جدیی و توندی ئێوە بوین تا ببنە داکۆکیکارمان و نەهێڵن نا عەدالەتیمان بەرامبەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئێوەش بێ دەربەست بون".
بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.
ئەو گردبونەوەیە، هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزایی حزب و لایەنە كوردیی و توركمانییەكان، دژی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان، توركمان لەگەڵئەوەدایە پلەكانی دامەزراندن بەڕێژەی لەسەدا 32 لەنێوان سێ نەتەوە سەرەكییەكەی كەركوك دابەشبكرێت، بەڵام كورد لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەكەدایە.
ئەو دوو نەتەوەیە پێیانوایە گەندەڵیی و نادادپەروەری لە پرۆسەی دامەزراندنی كەركوكدا هەیە، بەڵام لایەنی عەرەبی دەڵێن "پرۆسەكە هاوسەنگییەکى زۆر باش بوو بۆ ئەو ناوچانەى کە مامۆستایان کەمە".
پهروهردهی پارێزگای كهركوك، دوانیوهڕۆی 8ی كانونی دوهم ناوی دامهزرێنراوانی بڵاوكردهوه و دوای ناڕەزاییەكانیش دژی راگەیاندنەكە، بۆ ئەو مەبەستە دەرگای تانەلێدان كرایەوە.